٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایى له‌ مامۆستایانى كوردستان ده‌كات

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایی یادی 60 ساڵەی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە هەموو مامۆستایان دەکات و دەڵێت، هه‌موو هه‌وڵێك له‌پێناو دابینكردنى ژیانێکی شایستە بۆ ئه‌وان ده‌ده‌ین.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

یادى شەست و سێ ساڵه‌ى دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان لە هەموو مامۆستایانی خۆشەویستی کوردستان و سکرتارییەتی یەکێتیی مامۆستایان پیرۆز دەکەم، هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی بەردەوامیان بۆ دەخوازم.

پەیامى بەرز و ڕۆڵی مامۆستایان لە پێگەیاندنی نەوەکان بەرز دەنرخێنین و هه‌موو هه‌وڵێك له‌پێناو دابینكردنى ژیانێکی شایستە بۆ ئه‌وان ده‌ده‌ین کە لەگەڵ پێگەی پەروەردەیی و نیشتمانییاندا بگونجێت. به‌رده‌وام ده‌بین له‌ كاركردن بۆ دابینکردنی ژینگەیەکی فێرکردنی گونجاو و هاوچەرخ كه‌ وەبەرهێنانێکی ڕاستەوخۆیە لە داهاتووی کوردستاندا.

مامۆستایان پێشه‌نگ و کۆڵەکەی سەرەکیی بنیاتنانی کۆمەڵگەن و گەرەنتیی پەروەردەکردنی مرۆڤی هۆشیارن كه‌ شانازى به‌ ناسنامه‌كه‌یانه‌وه‌ دەکەن. لە هەموو قۆناغەکاندا دڵسۆزییان سەلماندووە، هه‌ر لە گۆڕەپانەکانی خەباته‌وه‌ تا هۆڵه‌كانى خوێندن، هەمیشە پارێزەری هۆشیاری و زمان و بەهاکان بوون. ڕۆڵیان لە بەردەوامیى پرۆسه‌ى فێرکردن لە سەختترین هەلومەرجدا، جێى ڕێز و پێزانینه‌.

ده‌ستخۆشى له‌ یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان دەکەین بۆ نوێنەرایەتیکردنی توێژی مامۆستایان و بەرگریکردن لە مافەکانیان. بە ڕێزەوە قوربانیدانی ئەو مامۆستایانە بەبیر دێنینەوە کە گیانیان لەپێناو ئازادیدا به‌خشى. سڵاو بۆ هەموو ئه‌و مامۆستایانه‌ى به‌ دڵسۆزی و له‌خۆبوردوویى ئەرکی پیرۆزیان جێبەجێ دەکه‌ن.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی هەرێمی کوردستان

2025/5/15

هەواڵی پەیوەندیدار