مەسروور بارزانی بۆ یەکێتیی قوتابیان و لاوان: چالاکانەتر بەردەوام بن

ھەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆکی پارتی لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی کاراتر و چالاکانەتر بەردەوامبن لە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە ڕێککەوتی ١٤ـی ٥ـی ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەگەڵ سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکانی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە.
لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، ڕێبوار یەڵدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی بەشی ڕێکخراوە جەماوەری و پیشەییەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان، کورتەیەکی دەربارەی ئامادەکارییەکانی ئەنجامدانی کۆنگرەی یەکگرتنی ھەردووو ڕێکخراوی یەکێتیی قوتابیان و یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان خستەڕوو، کە بڕیارە سبەی پێنجشەممە بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی جەنابی سەرۆک بارزانی لە ھەولێر کۆنگرەکە ببەستن.
مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی، ئاماژەی بە گرنگیی ڕۆڵ و خەباتی پڕ لە سەروەری ھەردوو ڕێکخراوەکە کرد کە ئێستا بە یەکگرتنەوەیان بەرەو قۆناخێکی نوێ و مێژوویی ھەنگاو دەنێن.
جێگری سەرۆکی پارتی دەستخۆشی لە مەکتەبی سکرتارییەت و بەرپرسی لق و ناوەندەکان و کادیرانی ھەردوو ڕێکخراوەکە کرد بۆ ئەرک و ماندووبوون و خەبات و کارکردنیان لە پێناو خزمەتکردنی توێژی قوتابیان و لاوانی کوردستان و ڕایسپاردن کە بە شێوەیەکی کاراتر و چالاکانەتر بەردەوامبن لە ئەرکی نیشتمانیی خۆیان لە پێناو زیاتر پەرەپێدانی تواناکانیان لە ھەموو بوارەکاندا و برەودان بە ھزری نیشتمانپەروەری و داکۆکیکردن لە قەوارەی دەستووری و دەسکەوتە نیشتمانییەکان.





