گوتەبێژی حکوومەت: کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سوودی ھاووڵاتییانە

ھەولێر-KDP.info- گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت، کارەبای ٢٤ کاتژمێری لە سوودی ھاووڵاتییانە ئەگەر بزانن بەکاری بھێنن و سەبارەت بە نەناردنی مووچە دەڵێت، مافە دەستوورییەکانمان پێشێل دەکەن و بەبێ ھۆکار مووچە دوادەخەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە ١٤ی ئایاری ٢٠٢٥، پێشەوا ھەورامانی، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە دواھەمین کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی پڕۆژەی ڕووناکی کرد و ڕایگەیاند، پێویستە ھاووڵاتییان بزانن چۆن کۆنتڕۆڵی بەکارھێنانی کارەبا بکەن، ئەم پڕۆژەیە وادەکات بەپێی پێویست و خواستی بەکارھێنان پارە بێتەوە، خۆتان بڕیار دەدەن مانگانە چەندتان بۆبێتەوە.
گوتەبێژی حکوومەت دەڵێت: " پڕۆژەی رووناکی بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستانە و بەم نزیکانە لە تەواوی ھەرێم ماڵەکانتان ڕووناک دەکەینەوە".
پێشەوا ھەورامانی باسی لەوەشکرد، ئەو بەشداربووانەی پڕۆژەی ڕووناکییان پێگەیشتووە، بە ڕێژەکانی ٥٠٪ و ٢٥٪ و ١٥٪ لێخۆشبوونیان ھەیە بۆ ئەوەی بتوانن کۆنترۆڵی بەکارھێنانی کارەبا بکەن و بەرچاوڕوونییان ھەبێت لەسەر نرخەکەی.
لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی ھەرێمی کوردستان، گوتەبێژی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ھیچ ھۆکارێکیان بەدەستەوە نییە بۆ دواخستنی مووچە، بۆ مووچەی مانگی نیسانیش دەبوایە لەگەڵ گەیشتنی لیستی مووچە، ڕاستەوخۆ واژۆی لەسەر کرابا، ئەو دەنگۆیانەش کە دەگوترێت حکوومەت کەمتەرخەمە و وەزارەتی دارایی کێشەی تەکنیکی و ھەڵەی ھەیە لە ناردی لیستی مووچە، ھیچیان ڕاست نین.
گوتەبێژی حکوومەت دووپاتیدەکاتەوە: "ئێمە ٢٠ ڕۆژ بوو بەبێ کەموکوڕی لیستی مووچەمان ڕەوانەی وەزارەتی دارای عێراق کردبوو، بەڵام مووچەی فەرمانبەرانی حکوومەتی ھەرێمیان بە درەنگی نارد، بەبێ ئەوەی ھیچ ھۆکارێک بخەنە بەردەستمان و بڵێن لەبەر ئەو ھۆکارە مووچە دواکەوتووە".
پێشەوا ھەورامانی لە کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکەدا باسی لە دامەزراندنی دەرچووانی بەشی پزیشکی کرد و گوتی: "بەپێی یاسای دەرچووانی پزیشکی، دەبێت دەرچووانی ئەو بەشە دابمەزرێن، وەزارەتی تەندروستی ناوی ٧٠٠ دەرچووی ناردووە کە وەک پزیشک لە ھەرێمی کوردستان پێویستیمان پێیان ھەیە، بەڵام ناوی ھەموویان ڕەتکرایەوە، لە کاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢٣ و ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، یەک ملیۆن کەس لە عێراق دامەزراون کە یەک نەفەریان لە پشکی ھەرێمی کوردستان نەبووە".




