پەنجاونۆ ساڵ بەسەر داستانی بەناوبانگی ھەندرێندا تێدەپەڕێت

ھەولێر-KDP.info- بەر لە پەنجاونۆ ساڵ، پێشمەرگەکانی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن گەورەترین ھێزی دوژمنیان تێکشکاند و داستانی بەناوبانگی ھەندرێن چووە نێو تۆماری مێژووی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کورد.
سەرۆک بارزانی لەبارەی داستانی ھەندرێن دەڵێت، داستانی ھەندرێن وانەیەکی باشە بۆ دوژمن و داگیرکەران کە ئەگەر بیانەوێ ئیرادەی میللەتی کورد تاقی بکەنەوە، بەم شێوەیە تووشی شکست دێن، بەڵام زۆر جاریش دەبینین کە مێژوو خۆی دووبارە دەکاتەوە و شۆڤێنییەکان دەرس لە مێژوو وەرناگرن، لەگەڵ ئەوەشدا ھەمیشە شکست و ڕیسواییان بۆ دەمێنێتەوە و سەرکەوتن بۆ میللەتی مەزڵوومی کوردستانە.
ڕۆژی ٢ی ئایاری ساڵی ١٩٦٦ ھێزێکی گەورەی پڕچەکی حکوومەتی ئەوکاتی عێراق، ھێرشێکی بەربڵاوی کردە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پێشمەرگە و سەرەتا توانییان ھەندێ پێشڕەوی بکەن، بەڵام دواتر پێشمەرگە توانی بە ھێزێکی زۆر سنووردار بەرەنگاری پێنج ھەزار چەکداری حکوومەتی ئەوکاتی عێراق ببێتەوە و سەرکەوتن تۆمار بکات.
عومەر عوسمان، یەکێک لە بەشداربووانی داستانی بەناوبانگی ھەندرێن، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، پیلانی دوژمن ئەوەبوو بگاتە ناوچەی باڵەکایەتی، چونکە سەرکردایەتیی شۆڕش لەو دەڤەرە بوو، ڕۆژی ١١ی ئایار ھەموو بەرپرسەکانی پێشمەرگە لە چیای ھەندرێن کۆبوونەوە جگە لە پێشمەرگەکانی پارتی ھێزێکی حزبی شیوعیش بەشدار بوو، پلانەکە بەو شێوەیە دانرا ٦٠ پێشمەرگەی فیداکار ھێرش بکەنە سەر ھێزەکانی دوژمن لە سریەی کەپکەمۆ، ١٨٠ پێشمەرگەی دیکە لە تەنیشتەوە دەست بە ھێرش بکەن و ھێزەکانی دیکەش لە ئامادەباشیدا بن.
عومەر عوسمان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد، سەرەتا بە ھاوەن تۆپبارانی ھێزەکانی عێراق کرا و دواتر پێشمەرگە دەستی بە پێشڕەوی کرد و گورزێکی کوشندە بەر ھێزەکانی عێراق کەوت و ژمارەیەکی زۆریان لێ کوژرا و ئەوانەشی مابوون بەرەو حامیەی ڕواندز ڕایان کرد، لە داستانی بەناوبانگی ھەندرێن شەھید ئیدریس بارزانی ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی ھێزەکانی پێشمەرگە و داستانەکەی ھەندرێنی دەکرد.
قائید میرۆ




