ئەمڕۆ كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی هاوبەشی هەماهەنگیی قەیرانەكان بەڕێوەچوو

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە بەسەرپەرشتیی وەزیری ناوخۆ، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی ھاوبەشی ھەماھەنگیی قەیرانەکان تایبەت بە بەرگرتن و خۆپارێزیی لە نەخۆشی (تای خوێن بەربوون) بەڕێوەچوو.
ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە ١٣ی ٥ی ٢٠٢٥، بەسەرپەرشتیی ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ و بە ئامادەبوونی وەزیرانی تەندروستیی و کشتوکاڵ و سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون و سەرجەم پارێزگار و سەرپەرشتیاریی ئیدارە سەربەخۆکان و ئەندامانی ئەنجوومەن لە وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان، لە دیوانی وەزارەتی ناوخۆ، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ناوەندیی ھاوبەشی ھەماھەنگی قەیرانەکان، تایبەت بە بەرگرتن و خۆپارێزیی لە نەخۆشی (تای خوێن بەربوون) (الحمی النزفیە) کە نەخۆشییەکی ڤایرۆسی مەترسیدارە بۆ سەر ژیانی مرۆڤ و لە ڕێگەی ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە بەڕێوەچوو.
لە کۆبوونەوەکەدا، دوای ئەوەی تیشک خرایە سەر کار و چالاکییەکانی ئەنجومەنی ناوبراو، دوایین پێشھاتەکانی مەترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی (تای خوێن بەربوون) خرایە بەرباس، لە پێناو کۆنترۆڵکردنی نەخۆشیەکە و پاراستن و سەلامەتی گیانی ھاوڵاتییان و ڕێگەگرتن لە مەترسیی بڵاوبوونەوەی کۆبوونەوە چەند بڕیارێکی پەیوەستی وەرگرت.




