٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کاوە ئەحمەد: کار بۆ یەک ھەڵوێستی کورد دەکەین لە کەرکووک

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- بە بەشداری پارتی ئەمڕۆ لایەنە کوردییەکانی کەرکووک کۆبوونەوە و کادیرێکی پێشکەوتووی پارتیش دەڵێ، کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن و مەبەست لێی دروستکردنی یەک ھەڵوێستی کوردە بۆ ھەڵبژاردن.

کاوە ئەحمەد، کادیری پێشکەوتووی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی بەشداربووە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە کوردییەکانی کەرکووک و بڕیارە بەردەوامی بدرێت بە کۆبوونەوەکان، تا ئەو کاتەی کات لەبەردەستە بۆ ھەڵبژاردن، مەبەست لەو کۆبوونەوانە دروستکردنی یەک ھەڵوێستی لایەنە کوردییەکانە لە کەرکووک، بەتایبەتی ئێمە بەرەو ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەچین و پێویستە کوردیش خۆی ئامادە بکات."

ئەو کادیرەی پارتی گوتیشی: "پارتی نەک لەگەڵ یەکڕیزی و یەک ھەڵوێستی کوردە لە کەرکووک، بەپێچەوانەوە ئەوە ستراتیژی پارتییە بۆ کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بەتایبەتی دوای نەمانی پارتی لە چەند ساڵی ڕابردوو بۆشاییەک پەیدا ببوو لە پارێزگاکە."

کاوە ئەحمەد ڕوونیکردەوە: "ئێمە لەگەڵ ئەوەین ھەرچی باشە و لە بەرژەوەندی کوردە لە کەرکووک ئەوە ئەنجام بدرێت، چونکە مەرج نییە بە یەک لیست بچینە ھەڵبژاردنەوە، بەڵام پێویستە یەک ھەڵوێست بین ئینجا ئەگەر بۆ ھەڵبژاردن چی لە بەرژەوەندی کوردە بۆ ئەوەی زۆرترین کورسی و دەنگ بەدەست بھێنین ئەوە جێبەجێ بکرێت."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار