بەرھەمی کارگەی چیمەنتۆی "دابین" بۆ عێراق و دەرەوەش ھەناردە دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان دەڵێ، "کارگەی چیمەنتۆی دابین گرنگی زۆری بۆ ئابووریی ھەرێمی کوردستان و فرەچەشنکردنی داھات ھەیە، بەرھەمی ھێندە زۆرە بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق و وڵاتانی دراوسێش ھەناردە دەکرێت."
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "کارگەی چیمەنتۆی دابین کە لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کرایەوە، بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراقیش زۆر گرنگە، یەکێکە لە کارگە گرنگەکانی وەبەرھێنان لە ھەرێمی کوردستان و عێراقیش، بەرھەمی ناوخۆیە و پێداویستییە سەرەتاییەکانیشی خۆماڵین، سەرمایەی پڕۆژەکە ٢٨٠ ملیۆن دۆلارە و ھاوبەشە لەگەڵ وەبەرھێنەری بیانی، ئەوەش گرنگی خۆی ھەیە، بەرھەمی ڕۆژانەشی ٨ ھەزار تەنە، بەرھەمی ساڵانەی دوو ملیۆن و ١٠٠ ھەزار تەنە، ھەزار و ٢٠٠ کەس ڕاستەوخۆ کاری تێدا دەکەن، بە ھەزاران کەسیش ناڕاستەوخۆ سوودی لێ وەردەگرن، بۆ ھەرێمی کوردستان و عێراق چیمەنتۆ دابین دەکات و بۆ وڵاتانی دەوروبەریش ھەناردە دەکات."
سەرۆکی دەستەی وەبەرھێنان گوتیشی، "ئەو کارگەیە بۆ ژێرخانی ئابووری ھەرێمی کوردستان و فرەچەشنکردنی داھات و سوودی گشتی و چەندین بواری دیکەش زۆر گرنگە."
بەردی بناغەی پڕۆژەی کارگەی دابین دوو ساڵ لەمەوبەر، لە حوزەیرانی ٢٠٢٣، لە لایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە دانرا کە دەکەوێتە بناری چیای سەفین لە سنووری پارێزگای ھەولێر.
بڵند ئیبراھیم




