٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"گرفتی نەخۆشانی شێرپەنجە چارەسەر دەکرێت"

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دھۆک ڕایدەگەیەنێت، لە ئێستادا چوار پڕۆژەی تەندروستی لە دھۆک لە بواری جێبەجێکردندان، یەکێکیان کردنەوەی نەخۆشخانەی ١٦٠ قەرەوێلەیی تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجەیە، کە ئەمڕۆ کرایەوە و کۆتایی بە گرفتی چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشییە دێت و چیتر خەڵکی ئێمە پێویستی بە شارەکانی دیکە نابێت بۆ چارەسەر سەردانیان بکەن.

دکتۆر ئەفراسیاب مووسا، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ نەخۆشخانەی ١٦٠ قەرەوێلەیی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە لە دھۆک کرایەوە، کە گەورەترین نەخۆشخانەیە لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان، کە پێشتر نەخۆشخانەی فریاکەوتن بوو و دوای ئەوەی بەشی فریاکەوتن لە نەخۆشخانەی ئازادی تەواو بوو، بە پێویستمان زانی ئەو نەخۆشخانەیە بکرێتە نەخۆشخانەی چارەسەی نەخۆشیی شێرپەنجە، بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی تەندروستی بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە لە دھۆک، کە پێشتر بەشی چارەسەری شێرپەنجە تەنیا یەک قات بوو لە نەخۆشخانەی ئازادی، کە نزیکەی ٦٠ قەرەوێلە بوو و زۆر کەم بوو و ھەموو پێداویستییەکی تێدا نەبوو، بەڵام ئێستا کە ئەو نەخۆشخانەیە ئامادە کراوە پێنج ھۆڵی نەشتەرگەری و بەشی تیشک و ستیسکان لەخۆ دەگرێت و بەنیازین ئامێری رەنین و ئامێری دیکەش بێنین و تاقیگەیەکی پێشکەوتووش دانراوە و ھەموو چارەسەرییەک لەو نەخۆشخانەیە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە دەکرێت.

مووسا گوتیشی، ئەمە یەکێکە لە چوار پڕۆژەی کابینەی نۆیەم بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە لە پارێزگای دھۆک و ئەوەی دیکەش پڕۆژەی چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجەیە بە تیشک، کە سەرۆکی حکوومەت خۆی بەردی بناغەی بۆ دانا و لە بواری جێبەجێکردندایە، پڕۆژەی سێیەمیش سەنتەری چاندنی مۆخە بۆ نەخۆشانی تالاسیما، کە ئەویش لە قۆناغی دابینکردنی ئامێرین و راھێنان بە پزیشکەکان دەکرێت، ھەروەھا پڕۆژەی چوارەم فراوانکردنی نەخۆشخانەی ھێڤی منداڵان و سەنتەرێکی تایبەتی ٥٠ قەرەوێلەیی دابین بکرێت بۆ نەخۆشخانەی شێرپەنجەی منداڵ و تالاسیما لە دھۆک، بەو شێوەیە گرفتی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە چارەسەر دەبێت، بۆیە ئەوکات پێویستمان بە شارەکانی دیکە نابێت و بگرە لە شارەکانی دیکەوە دێنە ھەرێمی کوردستان چارەسەری وەربگرن و دھۆکیش لە چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە دەچێتە قۆناغێکی زۆر پێشکەوتوو، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری بە کەرتی تەندروستی لە دھۆک داوە.

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار