٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌یامى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ده‌رباره‌ى كۆنگره‌ و خۆهه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پەکەکە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ڕاگەیاندنی خۆھەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە دەکات و دەڵێت، "بە ھەنگاوێکی چارەنووسسازی دەزانین و لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە".

دەقی ڕاگەیەنراوەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان:

پێشوازی لە بڕیاری PKK بۆ خۆھەڵوەشاندنەوە و چەکدانان و بەپیرەوەچوونی بانگەوازی بەڕێز ئۆجالان دەکەین و بە ھەنگاوێکی چارەنووسسازی دەزانین کە لاپەڕەیەکی نوێ لە ناوچەکەدا دەکاتەوە. ئەم ھەنگاوە نیشانەی پێگەیشتنی سیاسییە و ڕێگە بۆ دیالۆگێکی ڕاستەقینە دەکاتەوە کە پێکەوەژیان و سەقامگیری لە تورکیا و سەرتاسەری ناوچەکە بەھێز دەکات.

ئێستا کاتی ئەوەیە و ھەمووان چاویان لەوەیە ئەم ھەنگاوە گرنگە بە ھەنگاوی دیکەی ئەرێنی و پێویست لەلایەن ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانەوە وەڵام بدرێتەوە. ئەمە زەمینەیەکی دروست و گونجاو دەھێنێتە ئاراوە و دەبێتە بنەمای ئاشتییەکی ھەمیشەیی و گشتگیر کە کۆتایی بە دەیان ساڵ لە توندوتیژی و ئازار و مەینەتی دەھێنێت و ناوچەکە بەرەو ئاسۆی نوێی پێشکەوتن دەبات.

وێڕای ستایش و پێزانین بۆ ڕۆڵی سەرۆک ئەردۆغان لە پشتگیریکردن و ھەوڵەکانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، دووپاتی دەکەینەوە کە ھەرێمی کوردستان وەک ھەمیشە پشتگیریی ھەموو ھەوڵێک‌ بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان بە شێوەیەکی ئاشتیانە دەکات و ھیوادارین ئەم دەستپێشخەرییە ببێتە خاڵی وەرچەرخانێکی یەکلاکەرەوە. ھەروەھا ئامادەییی تەواوی خۆمان دەردەبڕین بۆ بەردەوامی لە پێشکەشکردنی ھەر جۆرە یارمەتی و ھاوکارییەک بۆ سەرکەوتنی ئەم دەرفەتە مێژوویییە.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٥/٥/١٢

هەواڵی پەیوەندیدار