٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سەرۆکی حکوومەت: تاکوو سەقامگیری لە ناوچەکە بەردەوام بێت، کوردستان زیاتر ھەنگاو بەرەو پێشکەوتن دەنێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ١٢-٥-٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، کارگەی چیمەنتۆ و وێستگەی کارەبای دابینی کردەوە.

سەرۆکی حکوومەت، گوتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "کەمتر لە دوو ساڵ ئێمە لێرە بووین و لە ماوەی خۆیدا ئێستا ئەنجامەکەی دەبینین، جێی دەستخۆشییە کە بەڕاستی کارێکی لەم چەشنە و بەم جۆرە و بەم خێراییەیان ئەنجام داوە. جێی سەربەرزی و شانازییە کە دەبینین توانای ناوخۆیی لەگەڵ ھاوکاریی دۆستەکانمان لە دەرەوە کە دەتوانن کەرتی پیشەسازی بەم جۆرە لە کوردستان بینا بنێن و دەستپێکێک بێت بۆ ھەنگاوی گەورەتریش لە داھاتوودا."

سەرۆکی حکوومەت ئاماژەی بەوەش دا: "تاکوو سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت، کوردستان بێگومان زیاتر ھەنگاو بەرەو پێشکەوتن دەنێت و ئێمە ھەموو ئاواتمان ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە، خەڵکی کوردستان، ئەو کەسانەی سەردانی کوردستانیش دەکەن، بە ئارامی و بە ئاسایش و بە دڵنیایی بژین و ڕوو لە ئایندەیەکی گەشتر بکەن."

ئەمەی خوارەوە دەقی گوتارەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە:

زۆر زۆر بەخێر بێن و زۆر خۆشحاڵم کە ئەمڕۆ لەگەڵ ئێوە بەشدارین لە ڕێوڕەسمی کردنەوەی ئەم کۆمپانیا گەورەیە، ئەم شوێنە کە پێش دوو ساڵ ئێمە ھاتین لێرە بەردی بناغەی دروستکردنی کارخانەی چیمەنتۆمان دانا کە لە لایەن (دابین گرووپ) و (پاوەر چاینا) ھەم دیزایین کراوە و ھەم ئەرکی جێبەجێکردنیش لە ئەستۆی ئەوان بووە.

کەمتر لە دوو ساڵ ئێمە لێرە بووین و لە ماوەی خۆیدا ئێستا ئەنجامەکەی دەبینین، جێی دەستخۆشییە کە بەڕاستی کارێکی لەم چەشنە و بەم جۆرە و بەم خێراییەیان ئەنجام داوە. جێی سەربەرزی و شانازییە کە دەبینین توانای ناوخۆیی لەگەڵ ھاوکاریی دۆستەکانمان لە دەرەوە کە دەتوانن کەرتی پیشەسازی بەم جۆرە لە کوردستان بینا بنێن و دەستپێکێک بێت بۆ ھەنگاوی گەورەتریش لە داھاتوودا.

ئەوەی جێی دڵخۆشییە دەبینین لێرە گرنگییەکی زۆر بە بابەتی ژینگەپارێزی دراوە و فیلتەری ئەم ھەموو دووکەڵ و ئەم ھەموو گازەی کە بەپێچەوانەوە دەبووە کێشەیەکی سرووشتی، ئێستا ئەمە چارەسەر کراوە. دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پرۆژەیە دەکەم کە بابەتی ژینگەپارێزییان لەبەرچاو گرتووە و ھیوادارم ھەموو شوێنێکی تریش ئەمەیان لەبەرچاو بێت و بەشێکی سەرەکیی کار و پیشەیان ئەوە بێت کە چۆن ئێمە ڕێز لە سرووشتی خۆمان بگرین و ژینگەی خۆمان بپارێزین.

بەرھەمی ئەم کارگەیە زیاتر لە دوو ملیۆن و نزیکەی ١٠٠ ھەزار تۆنی ساڵانەی چیمەنتۆیە کە بێگومان ئەمە بەشێکی زۆری پێداویستیی ھەرێمی کوردستان و لەسەر ئاستی عێراقیش دابین دەکات. چەندین پرۆژەی تری ھاوشێوەش لە کوردستان ھەن، ئەمەش ئاماژە بەوە دەدات کە کوردستان شوێنێکی گونجاوە بۆ پەرەپێدان بە کەرتی پیشەسازی و ئێمە بەردەوام دەبین لە ھاندان و پاڵپشتی و پشتیوانیکردنی کەرتی تایبەت بۆ جێبەجێکردنی ئەم جۆرە پرۆژانە کە بکەونە خزمەتی خەڵکی کوردستان.

ئەوەی جێی دڵخۆشییە دیسان، بیستمان کە زیاتر لە ھەزار و ٢٠٠ ھەلی کار بۆ خەڵکی ناوچەکە رەخساوە، ئەمەش بەشێکی ترە لە بەڵێنی حکوومەتی ھەرێم کە بە پاڵپشتیی کەرتی تایبەت، ئێمە ھەلی کاریش بۆ خەڵکی کوردستان دابین دەکەین. دەستخۆشیتان لێ دەکەم بۆ ئەم کارە جوانانەی کە دەیکەن.

ھەر لە تەنیشت ئەم پرۆژە گەورەیە، پرۆژەیەکی تری گەورەی گەشتیاری لێرە ھەیە ھی بەنداوی گۆمەسپان، کەواتە ئەو بەڵێنانەی کە حکوومەتی ھەرێم داویەتی بۆ پەرەپێدان بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتوگوزاری، خەریکە ئێمە بەرھەمەکانی وردە وردە دەبینین و بەشێکی زۆریان جێبەجێ دەکرێن. بەڵام ئەمە دەستپێکە و ھەنگاوی سەرەتاییە، کوردستان زۆر زۆر دەوڵەمەندە و مەجالی زیاتر ھەیە کە ئێمە بتوانین لە ھەموو بەشەکانی تری کوردستان، لە ھەموو شوێنەکانی تر، لە ھەموو شار و شارۆچکەیەک، گرنگیی بە پێشخستنی ژێرخانی ئابووری بدەین، لەو شوێنانەی پێویست بێ کەرتی پیشەسازی گرنگی پێ دەدەین، لەو شوێنانەی پێویست بێ کەرتی گەشتوگوزار گرنگی پێ دەدەین و کەرتی کشتوکاڵیش ھەروەکوو خۆشتان دەزانن ماوەیەکی زۆرە ئێمە وەبەرھێنانێکی زۆرمان کردووە و ھانی جووتیارەکانمان داوە کە ئەوانیش بەردەوام بن لە پێشخستنی کەرتی کشتوکاڵ.

ئەم بەشانە ھەمووی بەیەکەوە جارێکی تر ئەوەم بەبیر دێنێتەوە کە سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بۆ ھەمەچەشنکردن و فراوانکردنی داھاتی ھەرێمی کوردستان و پێشخستنی ژێرخانی ئابووری، سیاسەتێکی دروست و رەوا بووە و بەردەوام دەبین لەوەی کە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ وڵاتانی دۆست و دراوسێ و دەرەوەش زیاتر بکەین، تاوەکوو زیاتر گرنگیی بە پێشخستنی کوردستان بدەین و بووژانەوە لە کوردستان رۆژ بە رۆژ زیاتر بەرەوپێشەوە بچێت.

تاکوو سەقامگیری و ئاسایش لە ناوچەکەدا بەردەوام بێت، کوردستان بێگومان زیاتر ھەنگاو بەرەو پێشکەوتن دەنێت و ئێمە ھەموو ئاواتمان ئەوەیە کە خەڵکی ئێمە، خەڵکی کوردستان، ئەو کەسانەی سەردانی کوردستانیش دەکەن، بە ئارامی و بە ئاسایش و بە دڵنیایی بژین و ڕوو لە ئایندەیەکی گەشتر بکەن.

جارێکی تر دەستخۆشی لە جێبەجێکارانی ئەم پرۆژە گەورەیە دەکەم، دەستخۆشی لە (دابین گرووپ و پاوەر چاینا) دەکەم، ھیوادارم ھەمیشە سەرکەوتوو بن و چاوەڕێ دەکەین پرۆژەی ھاوشێوە و پرۆژەی تریش لە بەشەکانی تری ئەم کوردستانە خۆشەویستەمان ئینشائەڵا جێبەجێ بکرێن.

جارێکی تر دەستخۆش، سوپاس بۆ ئامادەبوونتان و ھەر سەرکەوتوو بن، کوردستانمان ھەر ئاوەدان بێت.

هەواڵی پەیوەندیدار