٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پڕۆژەی وەبەرھێنان لەو ناوچانە ئەنجام دەدرێت کە گەشەیان کەممە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک گوتی "بە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پڕۆژەی وەبەرھێنان لەو ناوچانەی گەشەیان کەمە ئەنجام دەدرێت، بۆ نموونە لە شێلادزێ نەخۆشخانەیەکی ٤٠ قەرەوێلەیی و قوتابخانەیەکی ئەھلی دروست دەکرێن، کە لە ڕسومات خۆش دەبن و ئاسانکاری و ھاوکاری تەواویش بۆ وەبەرھێنەرەکان دەکرێت." 

دکتۆر ھەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتی وەبەرھێنانی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاری داوە گرنگی زۆر بەو ناوچانە بدرێت کە گەشەیان کەمە، وەکو ناحیە و قەزاکان، ھەر ناوچەیەک بەپێی پێویستی پڕۆژەی وەبەرھێنانی لێ ئەنجام دەدرێت، بۆ ئەوەی زیاتر گەشە بکەن، ھەر وەبەرھێنەرێک پڕۆژە لەو ناوچانە ئەنجام بدات لە ڕوسمات لێی خۆش دەبن و ئاسانکاری و ھاوکاری تەواویشیان دەکرێت، ھەر بۆیە لە ناحیەی شێلادزێ نەخۆشخانەیەکی ٤٠ قەرەوێلەیی بە گوژمەی زیاتر لە ٣ملیۆن دۆلار دروست کراوە، ئێستا لە خزمەت ھاووڵاتییان دایە، قوتابخانەیەکی ئەھلیش لە قۆناغی جێبەجێکردن دایە، تا ساڵێکی دیکە ئەویش تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەت ھاووڵاتییان." 

دکتۆر ھەڤاڵ سدیق  گوتیشی "ئێستا لە وەبەرھێنانی دھۆک، بەپێی پێویستی ناوچەکان و جۆری پڕۆژەکان مۆڵەتی وەبەرھێنان بە پڕۆژەکان دەدرێت، چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەت بە ٤٠ پڕۆژە بدەین، ئێمە زیاتر بەپێی پێویستیی ناوچەکان مۆڵەت بە جۆری پڕۆژەکان دەدەین، بۆیە وەبەرھێنەران هان دەدەین بێن لە قەزاکانی ئاکرێ و بەردەڕەش و قەزاکانی دیکە پڕۆژە ئەنجام بدەن، بۆ نموونە دروستکردنی نەخۆشخانەی شێلادزێ وا دەکات خەڵکی ئەوێ پێویستی بە شارەکانی دیکە نەبێت، ئێمەش بەردەوام ھەوڵ دەدەین مۆڵەت بەو پڕۆژانە بدەین زیاتر خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەن، ئەمەش فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە." 

 

بڵند ئیبراھیم 

هەواڵی پەیوەندیدار