سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە باڵیۆزی نوێی هیندستان کرد

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازیی لە باڵیۆزی نوێی ھیندستان لە عێراق کرد و لە کۆبوونەوەیەکدا پاڵپشتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانی لە کارە نوێیەکەیدا بۆ دووپاتکردەوە.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٧ـی ئایاری ٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازی لە سۆمین باگچی باڵیۆزی نوێی ھیندستان لە عێراق کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا، کە مادان گۆپال، کونسولی گشتیی ھیندستان لە ھەرێمی کوردستان ئامادەی بوو، پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا تاووتوێ کرا.
مەسروور بارزانی وێڕای پیرۆزبایی دەستبەکاربوون لە باڵیۆز، پشتیوانیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیشی بۆ دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ ھیندستان کردەوە و سوپاسی کونسوڵی گشتیی ھیندستانیشی کرد بەبۆنەی کۆتاییھاتنی ئەرکەکەی.
ھەر لەو کۆبوونەوەیەدا, باڵیۆزی ھیندستان ستایشی پرۆسەی پێشکەوتن و ئاوەدانیی ھەرێمی کوردستانی کرد و خواستی وڵاتەکەی بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دووپات کردەوە، بە تایبەتی لە بوارەکانی تەکنەلۆژیای زانیاری و بەدیجیتەڵکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و پشتیوانیکردنی چاکسازییەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە سیستەمی بانکی.
هاوکات سۆمین باگچی ئاماژەیدا کە کار بۆ ئەوە دەکەن گەشتی ڕاستەوخۆی فڕۆکەوانی لەنێوان ھەولێر و شارەکانی ھیندستان ھەبێت.





