٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەبەرھێنان لە زاخۆ لە گەشەدایە

سەرچاوە: KDP.info

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی زاخۆ ڕایگەیاند، دوای ئەوەی بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان زاخۆ بووە ئیدارەی سەربەخۆ، ئێستا بەردەوام کۆمپانیای ناوخۆیی و بیانی دێن و دەیانەوێت لە زاخۆ وبەرھێنان بکەن، کە ٢٢ پڕۆژە پێشکەش کراون و چاوەڕێ دەکرێت تا کۆتایی ئەمساڵ مۆڵەت بە ١٥ پڕۆژە بدرێت، کە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ڕێژەکە زۆر زیاترە.

جگەرخوێن تاھیر، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرھێنانی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی زاخۆ بووە ئیدارەی سەربەخۆ، کەرتی وەبەرھێنان بەردەوام لە گەشەدایە و ئێستا وەبەرھێنەرێکی ئیماراتی لە زاخۆ پڕۆژەیەکی ھەیە لە سێکتەری کشتوکاڵ لەسەر ڕووبەری ھەزار دۆنم و بەرھەمیشی ھەیە، هەروەها کۆمپانیایەکی سویسریش پڕۆپۆزەڵێکی پێشکەش کردووە بۆ ئەوەی بەرھەمی پاککەرەوە دروست بکات و کۆمپانیاکانی تورکیاش بەردەوام دێن بۆ ئەوەی لە ناوچەی پیشەسازی کۆمپانیا دابنێن، یەکێک لەوانەش دەیەوێت کارگەی ئاوی تەماتە و سۆس و کەچەپ و مایەنوز دروست بکات و لە عێراقیش ھاتبوون کارگەیەک دروست بکەن، بۆیە ئێمە دیراسەمان کردووە بۆ ئەوەی شوێنیان لە ناوچەی پیشەسازیی زاخۆ بۆ دیاری بکەین، کە ٨٠٠ دۆنم زەوی بۆ تەرخان کراوە لە ناحیەی رزگاری، چاوەڕێش دەکرێت تا کۆتایی ساڵ مۆڵەت بە ١٥ پڕۆژە بدەین و ساڵی ڕابردووش مۆڵەت بە ١٠ پڕۆژە بە سەرمایەی نزیکەی ٣٦ ملیۆن دۆلار دراوە، بۆیە ئەمساڵ پڕۆژەکان زیاتر دەبن، چونکە ئامادەکاری بۆ زیاتر لە ٢٢ پڕۆژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکان تەواو بکرێن، بۆیە تا کۆتایی ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت مۆڵەت بە لایەنی کەمەوە بە ١٥ پڕۆژە بدرێت.

تاھیر گوتیشی، بڕیار بوو کۆمپانیای قەتەریش بێن لە زاخۆ سێ پڕۆژە ئەنجام بدەن، کە یەکێک کشتوکاڵی بوو و پڕۆژەیەکیش دروستکردنی چەند جۆرێکی گۆشت و براندێکی خواردنیش بوون، بەڵام دواتر نەھاتن و ھۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بە ڕای من،  کە عێراق رێگر بێت بەھۆی ئەوەی بەغدا دەیەوێت سەرەتا بچن لە عێراق وەبەرھێنان بکەن دواتر بێنە ھەرێمی کوردستان، بەڵام سەرەڕای ئەوەش کەرتی وەبەرھێنان لە زاخۆ بەردەوام لە پێشکەوتندایە و ساڵانەش ژمارەی پێدانی مۆڵەت بە پڕۆژەکان زیاتر دەبێت.

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار