٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەند (سەعید گاباری) بەڕێوەچوو

سەرچاوە: KDP.info

‏‎ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەند (سەعید گاباری) بەڕێوەچوو.

ئەمڕۆ یەکشەممە ٤-٥-٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی زەعیم عەلی ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پ.د.ک، د. سالار عوسمان بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندن، بڵند ئیسماعیل بەرپرسی لقی ٢ـی پ.د.ک، عەلی عەونی و سەگڤان ھالۆ ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی، زکری موسا نوێنەری بەڕێز سیداد بارزانی، عبدولحەکیم بەشار ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان - سووریا و ئیبراھیم بڕو بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنەکەسە، ھەروەھا بنەماڵە و ھەڤاڵانی ھونەرمەندی کۆچکردوو و ژمارەیەک پەرلەمانتار، نووسەر، ڕۆشنبیر و ھونەرمەند ڕێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ھونەرمەند (سەعید گاباری) لە ھۆڵی ڕاگەیاندن لە بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پ.د.ک بەڕێوەچوو.

‏‎ڕێوڕەسمەکە لە کاتژمێر ٥ـی ئێوارە، بە سروودی ئەی ڕەقیب و دەقەیەک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەھیدان، سەروەریان (بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد) دەستی پێکرد و پاشان گوتاری بەخێرھاتن لەلایەن د. سالار عوسمان، بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پ.د.ک پێشکەشکرا و تێیدا ئاماژەی بەوەکرد، لە تایتڵی سەعید گاباری دەنگێک بۆ ئەڤین و ئازادی، لەو حەقیقەتە تێدەگەین کە ئەو دەنگانەی بۆ ئەڤین و ژیاندۆستی و مرۆڤدۆستی و خۆشەویستی گۆرانیان چڕیوە و شیعریان ھۆنیوەتەوە و خەباتیان کردووە ئەوانە مرۆڤە نەمرەکانن، ھەم دیسان ئەگەر لە چەمکی دووەم وردبینەوە کە بریتییە لە ئازادی تێدەگەین کە ئەو ھونەرمەند و نووسەر و ڕۆشنبیرانەی لەگەڵ پێشمەرگە، پێشمەرگەئاسا بەرگرییان لە کوردستان کردووە، ئەوانە نەمرتر و قووڵتر دەچنە بەر دیرۆک و ھەمومان شانازیان پێوە دەکەین.

نمایشکردنی دۆکیۆمێنتارییەک سەبارەت بە ژیان و بەرھەمی ڕەوانشاد سەعید گاباری بەشێکی تری مەراسیمەکە بوو و (ھۆشیار تاھیر کانیکی)، ھەڤاڵی ڕەوانشاد چەند پارچە شیعرێکی خوێندەوە، پاشان تابلۆیەکی میوزیک و ستران لەلایەن ھونەرمەند (عەدنان سەعید) پێشکەشکرا.

‏‎لە بەشیکی مەڕاسیمەکەدا، بەشی ڕۆشنبیریی و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان خەڵاتی ڕێزلێنانی پێشکەش بە خانەوادەی ھونەرمەند (سەعید گاباری) کرد.

لە کۆتاییدا گوتاری خانەوادەی ڕەوانشاد لەلایەن (ئیبراھیم گاباری) پێشکەش کرا و تێیدا سوپاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی کرد بۆ ئەنجامدانی ئەم مەراسیمە و ڕێزگرتن لە خەباتی ھونەرمەندی کۆچکردوو (سەعید گاباری).

هەواڵی پەیوەندیدار