وەزیری تەندروستی بۆ KDP: ھەموو ڕێکارێکمان گرتووەتە بەر

ھەولێر-KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، رێکاری تەواو بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و عێراقیش گیراوەتە بەر و تا ئێستا تەنیا یەک حاڵەتی تۆمار کراو و حاڵەتێکی گومانلێکراومان ھەیە، بۆیە ھەموو رێگایەک دەگرینە بەر بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە تەشەنە نەکات و داواکاریشین خاوەن ئاژەڵەکان خۆیان بپارێزن.
دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، نەخۆشییەکی گوازراوەیە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە و سەرچاوەکەشی لە ئاژەڵەوەیە، ئێمە لەسەر ئەنجامەکان کار دەکەین و کۆنترۆڵکردنیشی ئاسانە.
بەرزنجی ڕوونیشی کردەوە، ئێمە ساڵانە لە سەرەتای وەرزی زستان و کۆتایی وەرزی بەھار، بە ھاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ بۆ رێگریکردن لە تەشەنەنەکردنی پەتاکان ڕێکارەکان دەگرینە بەر و ئەمساڵیش بەھۆی ئەوەی ماوەی مانگێکە لە عێراق تای خوێنبەربوون بڵاوبووەتەوە و گیانلەدەستدان ھەبووە، ئێمە زیاتر ھەوڵەکانمان چڕ کردەوە بەھۆی ئەوەی ئەگەری ھەیە لای ئێمەش بڵاو ببێتەوە.
وەزیری تەندروستی ھێما بۆ ئەوەش دەکات، پێش ١٠ رۆژ حاڵەتێکی گومانلێکراو ھەبوو، کە دەرچوو ئەو پەتایە نەبوو و یەک حاڵەتی ئەو نەخۆشییەش لە کۆیە ھەیە و حاڵەتێکی دیکەش ھەیە گومانلێکراوە و ھێشتا پشتڕاست نەکراوەتەوە، ئێمە لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ئامێری پشکنینمان ھەن و ئەگەر بزانین حاڵەتەکە پۆزەتیفە پشکنینی دیکەی بۆ دەکرێت و نموونەیەکیش بۆ عێراق رەوانە دەکەین، چونکە ھەماھەنگیمان لەگەڵ بەغدا ھەیە.
دەشڵێ، چەند رێگایەک ھەن بۆ گواستنەوەی ئەم نەخۆشییە لە ئاژەڵەوە بۆ مرۆڤ، یەکەمیان لە رێگەی (گەنە)یە کە لە وەرزی گەرما دەردەکەون، بۆیە رشاندنی شوێنەکانی کێڵگەی ئاژەڵ گرنگە و ئەنجامی باشی ھەیە ساڵانە دەکرێت و ئەو گەنەیە نەخۆشییەکە بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە، رێگای دیکەش بەرکەوتنی ڕاستەوخۆی مرۆڤ و ئاژەڵە، بۆیە پێویستە ئەوانەی ئاژەڵیان ھەیە دڵنیا بن ئاژەڵەکانیان کێشەیان نییە ئەوکات لە رێگەی ڤێتەرنەری پشکنینی بۆ بکرێت و لە کاتی پێویستدا سەرببڕدرێن.
د. سامان ئەوەشی خستەڕوو، رێگای سێیەم لە مرۆڤ بۆ مرۆڤەوەیە، ئەویش لە نەخۆشێک بۆ نەخۆشێکی دیکە، بۆیە ئێستا حاڵەتێکی دیکەی گومانلێکراومان ھەیە و ھەر حاڵەتێکی لەو شێوەیە ھەبێت، دەیبەن بۆ شوێنی نەخۆشییە گوازراوەکان و شوێنی تایبەتمان ھەیە ئەگەر گومان ھەبێت، بێگومان کۆمەڵێک رێنمایی ھەیە و پێویستە کۆمەڵێک نیشانەی ھەبێت و بزانین سەرچاوەی بەرکەوتنی لەگەڵ ئاژەڵ ھەیە، کە پاشان پشکنینی بۆ دەکرێت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێر دەردەچێت و ھەر کاتێک دڵنیا بووین دەمودەست رایدەگەیەنین، بەڵام لەگەڵ گومانلێکراویش وەکو توشبوو سەیری دەکەین تا پشتڕاست دەبینەوە.
هاوکات دەشڵێ، ئەگەر لە ھەر شوێنێک حاڵەتێک ڕوو بدات، ئەوکات بەدوای حاڵەتی دیکەدا دەگەڕێین، ئەوانەی لە دەوروبەری ئەو کەسەی تووشبوون و ھەروەھا کەسی توشبوو دەچێتە ژێر چاودێریی چڕ و تەنیا کارمەندانی تەندروستی بە کۆمەڵێک رێکار سەردانی دەکەن و کەسی نزیک بۆی نییە سەردانی بکات، چونکە رێژەی مردن بەو نەخۆشییە ٥٠%یە، بۆیە ئەمە دەمێنێتەوە لەسەر چەند حاڵەتێک وەکو بەرگریی جەستەی کەسەکە و خوێنمەیین، کە چەندی زوو بگاتە نەخۆشخانە، باشتر چارەسەر دەکرێت و ئەگەر دوابخرێت چارەسەری زەحمەتتر دەبێت، بۆیە داواکارین خەڵک سەردانی ئەو جۆرە نەخۆشە نەکەن و ئەوەی لە کۆیە توش بووە، ھیچ کەسێکی نزیکی تووش نەبووە و ئەوەی دووچاری نەخۆشییەکەش بووە، ئەویش تەندروستیی جێگیرە.
بڵند ئیبراھیم




