پرۆسەی تۆماری دەنگدەران لە دھۆک گەیشتۆتە ٨٠%

دھۆک -KDP.info- یاریدەدەری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک دەڵێت، "پرۆسەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگای دھۆک زۆر باش بەڕێوەدەچێت و ڕێژەی تۆمارکردن گەیشتۆتە ٨٠%.
ھۆگر جاسم، یاریدەدەری بەرپرسی ئۆفیسی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پرۆسەی تۆماری ناوی دەنگدەران لە سنووری پارێزگای دھۆک بەردەوامە، کاری باشمان لەسەر ئەو دەنگدەرانە کردووە تازە تەمەنیان گەیشتۆتە ١٨ساڵ و لەدایکبووی ٢٠٠٧ن، ٧٦٥ کەس تۆمار کراون، ئەوانەی خۆشیان تۆمار نەکردووە، بەردەوام ڕۆژانە سەردانمان دەکەن، تەنانەت لە ڕۆژانی پشووش بنکەکانمان کراوەن کە ٤١ بنکەن."
ھۆگر جاسم گوتیشی "ژمارەی دەنگدارانی ئێمە لە سنووری پارێزگای دھۆک زیاتر لە ٩٤٤ ھەزار دەنگدەر دەبێت، تا ئێستا زیاتر لە ٧٦٠ ھەزار دەنگدەر خۆی تۆمار کردووە، ڕێژەکە دەگاتە ٨٠% و پرۆسەکەش تا ٢٣ی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت، بۆیە داوا لەو دەنگدەرانەی تا ئێستا نەهاتوون دەکەین، بێن خۆیان تۆمار بکەن، بۆ ئەوەی لە مافی دەنگدان بێبەش نەبن."
جاسم باسی لەوەش کرد "خەڵک ھاندەدرێت و تیمی گەڕۆک سەردانی خەڵک و قوتابخانەکان دەکەن، بۆیە پرۆسەکە زۆر باش بەڕێوە دەچێت، ئەوانەی لە هەڵبژاردنی ڕابردوو پەنجەمۆریان نەدەخوێندرایەوە لەھەر وێستگەیەک ٢٣ کەس بۆی ھەبوو دەنگ بدات، ئێستا ھەمووان تۆمار دەکرێن، ئەوەی پەنجەمۆری ناخوێندرێتەوە لەڕێگەی ڤیدیۆ تۆمار دەکرێن، بۆیە ئەو کێشەیە بە تەواوی چارەسەر کراوە."
کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراقیش بڵاوی کردۆتەوە "ئەنجوومەنی کۆمسیاران بڕیاری داوە ماوەی تۆمارکردنی ھاوپەیمانیەتی بۆ ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق تاوەکو ١٤/٥درێژ بکرێتەوە."
بڵند ئیبراھیم




