کۆمیتەی کوردی سەر بە سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لە شاری سلێمانی کۆبووەوە

سلێمانی-KDP.info- کۆمیتەی کوردی سەر بە سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ لە شاری سلێمانی کۆبۆوە. شاندێکی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتی ھۆشیار سیوەیلی، بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار بوو. کۆبوونەوەکە بە دەستپێشخەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و ئامادەبوونی خاتوو جوان ئیحسان، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی و بەرپرسانی پەیوەندییەکانی دەرەوە و کوردستانی یەکێتی ئەنجامدرا.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەندامانی گرووپی کوردی جگە لە پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، نوێنەرانی ھەر یەک لە حزبەکانی پارتی یەکێتی دیموکراتی (ڕۆژئاوا) و پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (باکوور)و حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (ڕۆژھەڵات) و کۆمەڵەی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی کوردستان و حزبی کۆمۆنیستی ئێران و ھێزەکانی سووریای دیموکرات ئامادە بوون.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری کاراکردنەوەی کۆمیتەکە دراو پەیڕەوی ناوخۆی گفتوگۆی لەسەر کراو پەسەند کرا. بە پێی پەیڕەوەکە کۆمیتەی کوردی شەش مانگ جارێک کۆدەبێتەوە و ڕۆڵی کارا دەگێڕێ لە ناو سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بۆ پەیداکردنی پشتیوانی و ناساندنی دۆزی ڕەوای نەتەوەکەمان.
شایانی باسە یەکەم جارە ھەموو حیزبەکانی کوردستان لە ھەر چوار پارچەدا لە چوارچیوەی ڕێکخراوێکی نێودەوڵەتی ناسراوی وەک سۆشیالیست ئینتەرناشناڵ کاروباری خۆیان ڕێکدەخەن و بەرنامەی کاری پێکەوەیی دادەڕێژن.
لە کۆبوونەوەکەدا ھەڤاڵ ھۆشیار سیوەیلی وتەیەکی پێشکەشکرد و سوپاسی ڕێکخراوی سۆشیالیست ئینتەرناشناڵی کرد بۆ پشتگیری بەردەوامیان بۆ دۆزی کورد و کاراکردنەوەی کۆمیتەکە و سوپاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانی کرد بۆ دەستپێشخەری کاراکردنەوەی کۆمیتەکە و میواندارییان لە سلێمانی.
بەرپرسی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە ئاماژەی بەوە دا کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە گشتی و سەرۆک مەسعود بارزانی بە تایبەتی لەگەڵ ھەموو پڕۆژە و دەستپێشخەرییەکە بۆ ڕێکخستنی نێوماڵی کوردی و ھێنانەئارای یەکڕێزی نێوان لایەن و بەشەکانی کوردستان.
جەختیشی کردەوە کە ھەوڵەکان لە باشووری کوردستان بۆ پێکھێنانی حکوومەتی نوێ و کۆنفرانسی یەکڕیزی لە ڕۆژئاوای کوردستان و پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا جێگەی دڵخۆشین و کاراکردنەوەی کۆمیتەی کوردیش ھەنگاوێکە بە ئاراستەی نزیکبوونەوەی زیاتر و پەیداکردنی دۆست و پشتگیری نێودەوڵەتی زیاتر.






