٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیان بەبۆنەی ساڵیادی کیمیابارانی گۆپتەپە و عەسکەر

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک- گەرمیان بەبۆنەی ٣٧مین ساڵیادی کیمیابارانی گۆپتەپە و عەسکەر، پەیامێکی بڵاوکردەوە کە ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی: 

سی و حەوت ساڵ بەسەر کیمیابارانکردنی گوندەکانی عەسکەر و گۆپتەپە و سەرەتای پرۆسەی کاری کۆمەڵکوژی ئەنفالی چوارەم، لەلایەن رژێمی بەعس تێدەپەڕێت، لەم قۆناغەی ئەنفالدا رژێمی بەعس سەرەتا بە کیمیابارانکردنی گوندەکانی عەسکەر و گۆپتەپە و چەمی ڕەزان دەستیپێکرد، کە راستەوخۆ زیاتر لە ٢٠٠ ھاوڵاتی و پێشمەرگە شەھیدبوون و دواتر بەھۆی کاریگەری کیمیابارانەکە ژمارەی شەھیدەکان بۆ ٥٠٠ شەھید و بریندار بەرزبۆوە، رۆژی دواتریش ئۆپەراسیۆنی قۆناغی چوارەمی ئەنفال بۆ سنوری قەڵاسێوکە و چەمی رەزان و بناری خاڵخاڵان و دەشتی کۆیە و گوندەکانی زێی بچوک دەستیپێکرد، کە لەم قۆناغە بەرفراوانەی ئەنفالدا ٢٣٧ گوند خاپورکران و زیاتر لە ٢٨ ھەزارو ٥٥٠ کەس ئەنفالکران.

ھێرشی سەر ناوچەکانی ئەنفالی چوار لەچەندین قۆڵی جیاوازەوە دەستپێکرا، لە چەمچەماڵەوە بە سێ قۆڵ بۆ (کانی عارەبان، شێخ پاڵەوان، پاڵکە ڕەش)، لە تەقتەقەوە سێ قۆڵ (قەرەناو، مخەڕەس، جگیلە)، کۆیە بۆ (شەوگێڕ، بناری حاجی قەڵا، تیمارۆک، بەری ڕۆژئاوا)، شوان (جولحان، عەلی بەیان، بان کەل)، قەرەھەنجیر بۆ سەرخاسە، لە گۆپاڵەوە بۆ گەورەدێ، لە سوسێوە بۆ (عەواڵان، چەمی سورقاوشان)، لە دوکانەوە بۆ کلێسە، لە پردێوە بۆ (چیا چەرمی، گەڵۆزی، توڵکی، دەشتی ھەولێر)، لە قوشتەپەوە بۆ (کەلی قەشقە، دەشتی ھەولێر)، لە ھەولێرەوە بۆ ڕۆژئاوای کۆیە، لە شیوەسورەوە بۆ (تورکمان باخ، ناڕوجە).

کیمیابارانی گوندەکانی عەسکەر و گۆپتەپە و دەڤەری قەڵاسێوکە، درێژکراوەی زنجیرە ھێرشکارییە دوژمنکارییەکانی ڕژێمی بەعس بوو دژبە مرۆڤایەتی، بە ئامانجی قڕکردن و لەناودانی کورد لە باشووری کوردستان، بەڵام بە خوێنی ھەزاران شەھید پیلان و ھێرش و پەلامارەکانیان بۆسەر خەڵکی کوردستان شکستی ھێنا و ناویان چووە تۆماری ڕەشی مێژووەوە و بە سزای گەلی کوردستان گەیشتن.

لەم ڕۆژەدا سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاکی شەھیدانی ئەنفال و کیمیاباران و سەرجەم شەھیدانی ڕێگەی ڕزگاری کوردستان.

 

مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای کەرکووک-گەرمیان

٣ی ئایاری ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار