نەقیبی سەندیکا بۆ KDP: حکوومەت بە شێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە مامەڵەی لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کردووە

ھەولێر-KDP.info- نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەمان ھەیە بۆ ئەوەی ڕیفۆرم لە کاری میدیایی بکرێت بەھۆی ئەو ڕێزە زۆرەی لە ژمارەی ڕۆژنامەنووسان ھەیە، چونکە ناکرێت ئازادی میدیا بۆ موزایەدەی حیزبی و یەکلاکردنەوەی کێشەکان بەکاربێت بۆ گەوجاندنی خەڵک، بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو بەشێوەیەکی پڕۆفیشناڵانە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان کردووە.
حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ڕۆژی ئازادی ڕۆژنامەگەری سڵاو و درود بۆ شەھیدانی ڕۆژنامەنووس دەنێرین و سڵاو و ڕێز بۆ ھەموو ڕۆژنامەنووسانی کاردەکەن لە ھەرێمی کوردستان و ئێمە جەخت دەکەینەوە پێویستە کۆمەڵێک تەحەدیا ھەن کاریان لەسەر بکرێت وەکو ڕیفۆرمکردن و کۆمەڵێک لە یاساکان و پێمان وایە بێسەروبەریەک لە کوردستان ھەیە لەڕووی زۆری ڕۆژنامەنووسان و پێویستی بە ڕێکخستن ھەیە و ئێمە وەکو سەندیکا بەرچاومان ڕوونە و پڕۆژەمان ھەیە، یەکێک لەوانە دروستکردنی ئەنجوومەنی نیشتیمانی میدیا وەکو ھەوڵێک بۆ ڕێکخستنەوەی میدیا لە ھەرێمی کوردستان و کۆمەڵێک کاری دیکە، لەوانە دان بەوە دانێین جیاکاری ھەیە، بەڵام شتێک ھەیە پێویستە جەختی لەسەر بکەینەوە تۆمارکردنی پێشێلکاریەکان لە ڕابردوو بۆ ئەوە بووە ئامانج نیە و وەسیلەیە بۆ ئەوەی بتوانین ڕێگا خۆش کەین و لەمبەرەکان لادەین بۆ کارکردنی ڕۆژنامەنووسان و ناکرێت ئازادی میدیا بەکاربێت بۆ موزایەدەی حیزبی و یەکلاکردنەوەی کێشەی دیکە کە ئەمە لە ڕابردوو ھەوڵێک بوو بۆ گەوجاندنی خەڵک.
حاکم ئازاد حەمەدەمین گوتیشی، ئازادی ڕۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان ھاوشێوەی وڵاتانی دیکە ڕێکخراوە لەڕووی یاسایی و بوونی دەزگا میدیاییەکانی لە ھەرێمی کوردستان ھەن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو زۆر باش توانیویەتی بەشێوەیەکی پرۆفیشناڵانە مامەڵە لەگەڵ ڕۆژنامەنووسان بکات و ھەوڵێکی زۆر داوە ئەو کەموکورتیانەی ھەن ھاوکاری ڕۆژنامەنووسان بکات، بۆیە داوا لە حکوومەت دەکەین ڕۆژنامەنووسانیش لە وەرگرتنی زەوی بێ بەش نەکرێن و سوودمەند بن و لە ھەموو ئیمتیازاتی دیکە سوودمەند بن، بۆیە چاوەڕێ دەکەین لە داھاتوو سەندیکا کۆنگرەی خۆی بکات و کۆنگرەیەکی یەکگرتوو بێت و ئالنگاریەکانی بەردەم سەندیکا و میدیا چارەسەر بکرێت.
ساڵانە ڕێککەوتی ٣ی ئایار وەکو ڕۆژی جیھانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دیاری کراوە، بۆ ئەمساڵیش ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و زانست و ڕۆشنبیری یۆنسکۆ (UNESCO) لە ژێر دروشمی "ڕووماڵکردن لە جیھانێکی نوێدا، کاریگەریی ژیریی دەستکرد (AI) لەسەر ئازادی ڕۆژنامەگەری و میدیا"، یادی ڕۆژی جیھانی ئازادی ڕۆژنامەگەری دەکاتەوە.
بڵند ئیبراھیم




