٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پارێزگاری هەولێر: کۆبوونەوەمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران جەخت لە پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکان کراوەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

ورمێ-KDP.info-  پارێزگاری ھەولێر و ورمێ کۆبوونەوە و "کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین، پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و ھاتووچۆی زیارەتکارانی ئێرانی بۆ چلەی ئیمام حوسێن" تاوتوێ کران.

ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ کۆبووەوە و دواتر لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "ورمێ رۆڵی سەرەکی لە پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانمان لەگەڵ وڵاتی ئێران ھەیە."

پارێزگاری ھەولێر بە پێویستی دەزانێت پەرە بە پەیوەندییە دوولایەنەکانی نێوان ورمێ و ھەولێر بدرێت و دەڵێت، "پاڵپشتیی ھەر ھەوڵێک دەکەین بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی ئەم پەیوەندییانە."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئومێد خۆشناو ئاماژەی بە سەردانەکەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران بۆ ھەرێمی کوردستان کرد و ئەوەی خستەڕوو، "سەردانەکەی بەڕێزیان دەرخەری پەیوەندیی باشی نێوانمانە."

ئەوە یەکەم دیداری پارێزگاری ھەولێر لەگەڵ پارێزگاری نوێی ورمێ بوو لەدوای دەستبەکاربوونی لە ٤ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤. پارێزگاری ھەولێر ئەوەی خستەڕوو، "لەم سەردانەدا بەگشتی کۆبوونەوەی باشمان لەگەڵ بەرپرسانی ئێران ھەبوو؛ ھیوادارم سەردانەکە کاریگەریی لەسەر بەرەوپێشبردن و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانمان ھەبێت."

ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە زیارەتکارانی ئێران و رۆژھەڵاتی کوردستان، لە رێگەی دەروازە سنوورییەکانی حاجی ئۆمەران و باشماخی ھەرێمی کوردستانەوە سەردانی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە عێراق دەکەن. بەشێک لە قسەکانی ئومێد خۆشناو تایبەت بوون بە ھاتووچۆی زیارەتکاران و گوتی، "لە ئێستاوە ئامادەی پێشوازیکردن و ئاسانکاریین بۆ ھاتووچۆیان."

ھاوکات رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێ باسی لە کردنەوەی دەروازەی سنووریی کێلەشین کرد، کە دەکەوێتە سنووری قەزای سیدەکان و شاری شنۆی رۆژھەڵاتی کوردستان.

پارێزگاری ورمێ پێیوایە کردنەوەی ئەو دەروازە سنوورییە دەبێتە ھۆی پەرەپێدانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی. رەحمانی ئاماژەی بەوەش کرد، "ئێستا رێکارە کارگێڕییەکان بۆ کردنەوەی دەروازە سنوورییەکە گیراونەتەبەر و ھیوادارم بە زووترین کات بکرێتەوە."

رۆژی ٢٧-٠٤-٢٠٢٥ پارێزگاری ھەولێر بە سەرپەرشتیی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی "ئێکسپۆ ٢٠٢٥" گەیشتە تاران و لەلایەن ژمارەیەک لە بەرپرسانی وڵاتەکەوە پێشوازیی لێکرا.

ئومێد خۆشناو جگە لە پارێزگاری ورمێ، لەگەڵ پارێزگارەکانی تاران، قەزوێن و زەنجانیش کۆبووەوە.

هەواڵی پەیوەندیدار