٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ھەرێمی کوردستان ٢٥ تیمی بیانی لە بواری شوێنەواری کار دەکەن

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ساڵانە لە ھەرێمی کوردستان نزیکەی ٢٥ تیمی بیانی کاری شوێنەواری دەکەن، کە لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان خاوەن زیاتر لە شەش ھەزار پێگەی شوێنەوارییە و بەردەوامیش تیمی تازە دێن بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان لە بواری شوێنەواری کار بکەن و ئێمەش گرێبەستیان لەگەڵ ئەنجام دەدەین.

محەممەد لەشکری، بەڕێوەبەری کاروباری شوێنەواری لە ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی یموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوو فاکتەر وایان کردووە تیمی وڵاتانی بیانی بێن لە ھەرێمی کوردستان لە بواری شوێنەواریدا کار بکەن، یەکەم پێشتر ڕژێمەکانی پێشوو ڕێگرییان دەکرد ئەو تیمە بیانیانە بێن کار بکەن و ئەوانەی ھاتبوون پێشتر زۆر کەم بوون و کارێکی کەمیان کردبوو، فاکتەری دووەمیش ئەوەیە، سیاسەتی ناوچەکە دوای ڕووخانی ڕژێمەکان گۆڕاوە و ئەو تیمانەی ئەورووپاو ئەمەریکا لە عێراق و سووریا بوون بەھۆی دۆخی ئەمنی دەھاتنە ھەرێمی کوردستان و مامەڵەی باشی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمەکان بەتایبەت لە کاری ھەڵکۆڵین و ڕووپێوی و کاری شوێنەوارییەوە ھاوکاریی باشیان دەکرێت، بۆ ئەوەی لێکۆڵینەوەی خۆیان بکەن، بۆیە ئێستا لە ھەرێمی کوردستان ساڵانە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ تیم کار دەکەن ئینجا ئەوانەی تازەبن یاخود گرێبەستی چەند ساڵەیان ھەبێت، کە ھەر دوێنێش دوو تیممان بۆ ھاتنەوە کاری خۆیان بەردەوام دەکەن لە ھەولێر و سلێمانی و سۆران و تیمێکی تازەش ھاتووە کار دەکەن و دوو تیمی دیکەی تازەش ھاتوون گرێبەستمان بۆ کردوون لە سلێمانی دەست بە کار دەکەن، کە ئەو تیمانە لە ئەورووپا و ئەمەریکاوە ھاتوون.

لەشکری گوتیشی، لە ھەرێمی کوردستان زیاتر لە شەش ھەزار پێگەی شوێنەواریمان ھەن، کە ٥٥%یان ڕووپێوییان بۆ کراوە و بەشێکی زۆریش ڕووپێوییان بۆ نەکراوە و کەوتوونەتە نێوان بازنەی سیاسی لە سنووری ماددەی ١٤٠ یاخود ناوچە سنوورییەکان، کە ئەستەمە بتواندرێت بە باشی ڕووپێوییان بۆ بکرێت، بەڵام بەردەوام کار دەکرێت بۆ دۆزینەوەی پێگەی شوێنەواری و ھەرێمی کوردستان خاوەن ژمارەیەکی زۆری پێگەی شوێنەوارییە، ئەمەش وای کردووە سەرنجی تیمەکان ڕابکێشێت بەردەوام لە ھەرێمی کوردستان کار بکەن.

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار