سەرۆکی هەرێمی کوردستان پیرۆزبایى له كرێكاران دهكات

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەبۆنەی رۆژی جیهانیی کرێکاران پەیامێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "جەخت لە پشتگیریی تەواوی مافەکانی کرێکاران و داوا رەواکانیان دەکەینەوە".
دەقی پەیامی سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
بە بۆنەی یەکی ئایار، جەژنی جیھانیی کرێکارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی پێشکەش بە ھەموو کرێکارانی کوردستان، عێراق و جیھان و ڕێکخراوەکانیان دەکەم. ڕەنج و کۆشش و ماندووبوونیان لە بنیاتنان و ئاوەدانکردنەوە و بەشداریی کارا و بنەڕەتییان لە پێشخستن و گەشەسەندنی وڵاتدا، بەرز دەنرخێنم.
جەخت لەسەر پشتگیریی تەواوی مافەکانی کرێکاران و داوا ڕەواکانیان لە ھەرێمی کوردستان دەکەینەوە، ھەروەھا پێداگری لەسەر پێویستیی دابینکردنی ژینگەیەکی کاری ئارام و بەدیھێنانی دادپەروەری لە ھەلەکانی کار و ڕێکخستنی پەیوەندیی نێوان کرێکاران و خاوەنکاران دەکەین لەسەر بنەمایەک کە شکۆی کرێکار بپارێزێت و دڵنیاییی گوزەران و ژیانیان، مسۆگەر بکات.
ھەر بەم بۆنەیەوە، بە ڕێزەوە ھەموو ئەو کرێکارانە بەبیردەھێنینەوە کە لە کاتی کاردا گیانیان لەدەستداوە و سڵاو لە خێزان و کەسوکاریان دەکەین. جەخت دەکەینەوە کە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەبێ چاودێریی خێزانەکانیان بکەن و ھەموو پشتیوانی و ھاوکارییەکی پێویستیان بۆ فەراھەم بکرێت.
ھیوای پشوویەکی ئارام و ئاسوودە بۆ ھەموو کرێکاران و سەرکەوتن لە ھەوڵ و خەباتیان بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانیان دەخوازم.




