پارتی بۆ کۆنگرەی پارتی گەلانی ئەورووپا بانگهێشت دەکرێت

ھەولێر-KDP.info- پارتی دیموکراتی کوردستان بە فەرمی بانگھێشتی ئەو کۆنگرەیە کرابوو، دارا باراوی ئەندامی مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پارتی بە نوێنەرایەتی مەکتەبی پەیوەندییەکان-بەشی دەرەوە، بەشداری کرد.
پارتی گەلانی ئەورووپا ڕێکخراوێکی فرە حزبیە زیاتر لە ٨٠ پارتی سیاسیی ئەورووپا تێیدا ئەندامن، خاوەنی گەورەترین کوتلەی پەرلەمانین لە پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا، نزیکەی ٢٠٠ ئەندامیان ھەیە.
پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە پارتی سیاسی کوردستانە بانگھێشتی ئەو کۆنگرەیە کراوە، ئەمەش پێگە و باشی پەیوەندییەکانی پارتی پیشان دەدات.
لە میانەی ئەو کۆنگرەیەدا نوێنەری مەکتەبی پەیوەندییەکانی دەرەوە، دارا باراوی چاوی بە چەندین کەسانی پارتە سیاسییەکان و ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتی ئەورووپا کەوت و باسی لە دواین پێشھات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەی لەگەڵ کردن. جەختی لە پەیامی ئاشتیخوازانەی گەلی کوردستان و سیاسەتی جەنابی سەرۆک بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ بەدەستھێنانی ئاشتی و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاسودەیی بۆ ھەموو پێکھاتە دینی و نەتەوەییەکان کردەوە.
جێگای ئاماژەپێدانە پارتی گەلی ئەوروپا (EPP) چەترەگروپێکی سیاسی گەورەیە و یەکێکە لە گروپە سیاسییە کاریگەرەکان لە سیاسەتی ئەورووپا، نوێنەرایەتی ئایدۆلۆژیای ناوەندی ڕاستەکان دەکات. وەک گەورەترین پارت لە پەرلەمانی ئەورووپا، ئی پی پی ڕۆڵێکی چارەنووسساز دەگێڕێت لە داڕشتنی سیاسەتەکانی یەکێتی ئەورووپا، لە حوکمڕانی ئابووری، بابەتی کۆچ، کەشوھەوا و ئاسایش.
پارتە ئەندامەکانی بریتین لە سەرکردە سەرەکییەکانی سەرانسەری ئەورووپا، وەکو CDU ی ئەڵمانیا و PO ی پۆڵەندا، ئەمەش کاریگەرییەکی بەرچاوی پێدەبەخشێت لە بڕیاردان لە ناو ئەوروپا بە گشتی و یەکێتی ئەورووپا.




