بە بڕی زیاتر لە ٦ ملیار دینار ژمارەیەک ڕێگا لە بواری جێبەجێکردندان

ئاکرێ-KDP.info- بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئاکرێ ڕایدەگەیەنێت، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگیی تایبەتی بە دروستکردنی ڕێگای گوندەکان داوە و لەم نزیکانە بە گوژمەی حەوت ملیار دینار ڕێگای دەیان گوند دروستدەکرێن لەگەڵ دروستکردنی دەیان ڕێگای دیکەش، کە لە ئێستادا لە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دھۆک لە بواری جێبەجێکردندان.
ئەندازیار موحسین میرانی، بەڕێوەبەری ڕێگاوبانی ئاکرێ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، بڕیارە بە گوژمەی حەوت ملیار دیناری دیکە پڕۆژەی ڕێگاوبان لە ئاکرێ و بەردەڕەش لە سنووری پارێزگای دھۆک جێبەجێ بکرێن، کە خۆی لە ڕێگای ١٠ گونددا دەبینێتەوە، ئەوانیش ڕێگای لەکان بۆ ئیسماوا و جگە لەوەش ڕێگای گوندی باژێرە ئێک و باژێرە دوو و بانیرە و باقسپێ و بێخمە و بیێ و بیەی سەروو و ڕێگای ئامادا و ڕێگای ژیرکا و ڕێگای ئامادای سەروو و ڕێگای نەزراوە و ڕێگای شێخالک و ڕێگای کەڵەک بۆ بشریان قۆناغی دووەم و زۆر ڕێگای دیکەش تەواو کراون، بۆیە پڕۆژەکان لە ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش بەردەوامن.
میرانی گوتیشی، لە ماوەیەکی نزیکدا ڕێگای ئاکرێ بۆ ڕوڤیا، کە ئەویش دووسایدە، نۆژەن دەکرێتەوە و ڕێگای خەلیلکان بۆ سوسنا ئەویش نۆەژەن دەکرێتەوە کە ٢٣کم دەبێت، بۆیە بەردەوام لە لایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە پڕۆژەی تازە ئەنجام دەدرێن و حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش لەم کابینەیەدا گرنگیی زۆری بە ڕێگای گوندەکان داوە و ڕێگای ژمارەیەکی زۆرێک لە گوندەکانی سنووری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش دروست کراون و ئێستا لە خزمەت ھاووڵاتیاندان، بێگومان بەردەوامیش ڕێگای ئەو گوندانە دروست دەکرێن کە ھێشتا بێ ڕێگان.
هاوکات دەشڵێت، ئێستا بە گوژمەی شەش ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دینار ژمارەیەک ڕێگا لە ھەردوو سنووری قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش لە بواری جێبەجێکردندان، کە نزیکەی ٨٠%یان تەواو بوونە و لە ماوەیەکی نزیکدا ئەوانیش تەواو دەبن، بۆیە لە سنووری ھەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و سەرجەم ناحیەکانی سەر بە ھەردوو قەزاکە، پڕۆژەی ڕێگای گوندەکان لە بواری جێبەجێکردندان.
بڵند ئیبراھیم




