ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران دوو تەوەر تاوتوێ دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ٣٠-٠٤-٢٠٢٥، ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەی ئەمجارەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆ لەسەر دوو تەوەری سەرەکی دەکرێت:
تەوەری یەکەم:
خستنەڕووی دواپێشھاتەکانی پەیوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەکانی تایبەت بە دەستپێکردنەوەی ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای ھەمواری یەکەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و دەرئەنجامی کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ لە ڕێکەوتی ١٩-٠٤-٢٠٢٥، لە شاری بەغدا و دوا کۆبوونەوەی ھاوبەشی نێوان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆمپانیا نەوتییەکان لە ڕێکەوتی ٢٠-٠٤-٢٠٢٥، بە ئامادەبوونی بریکاری وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ بەرھەمھێنان.
تەوەری دووەم:
خستنەڕووی پێشنیاری ڕەشنووسی بڕیارێکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ ڕێکخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە ھەرێمی کوردستان لەبەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو ژمارە (٩)ـی ساڵی ٢٠١٤ و بڕیاری دادگای فیدراڵی لەمبارەیەوە، بە ھۆی بەرفراوانبوونی سنووری دەسەڵات و ئەرک و چالاکییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی.




