جێگری سەرۆککۆماری ئێران پێشوازیی لە پارێزگاری ھەولێر کرد

تاران-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە ٢٠٢٥.٤.٢٨، عەبدولکەریم حوسێنزادە، جێگری سەرۆککۆماری ئێران بە ئامادەبوونی د.حەمیدی، جێگری وەزیری ناوخۆی ئێران، پێشوازیی لە ئومێد خۆشناو، پارێزگاری ھەولێر و شاندی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا، جێگری سەرۆککۆماری ئێران وێڕای بەخێرھێنانی پارێزگاری ھەولێر، خۆشحاڵی خۆی بەسەردانەکەیان بۆ کۆماری ئیسلامیی ئێران نیشاندا و جەختی لە بەرەوپێشبردنی زیاتری دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژووی نێوان گەلی ئێران و گەلی کورد و پتەوکردنی پەیوەندییە گشتی و فەرھەنگی و ئابوورییە ھاوبەشەکان کردەوە و ئامادەیی خۆشی دووپاتکردەوە لە بەرەوپێشچوونی زیاتریان.
پاشان پارێزگاری ھەولێر، تەئکیدی لەوە کردەوە کە پاڵشت و ھاوکارن بۆ زیاتر بەرەوپێشچوونی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران، ئاماژەی بەوەشدا، خواستی ئێمە، ئەوەیە پەیوەندییەکی باش و تۆکمەی ھەبێت لەگەڵ سەرجەم وڵاتان بە تایبەتی کۆماری ئیسلامی ئێران.
لە تەوەرێکی تری دیدارەکەدا، پارێزگاری ھەولێر، ڕۆڵی محەممەد سادق موعتەمدیان، پارێزگاری تارانی لە پێشخستنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکان و جوڵەی بازرگانی نێوان ھەولێر و ئازربایجانی ڕۆژئاوا بەرز نرخاند، گوتیشی، ئێستاش خواستی ئێمە وەکو ھەولێری پایتەختی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە ئەو ڕێککەوتن و لێکتێگەیشتنە لەگەڵ پارێزگای تاران دووبارە بکەینەوە بۆ پتر گەشەسەندنی پەیوەندییە ئابووری و پیشەسازییەکانی نێوانمان.
لە کۆتایشدا بە فەرمی بانگھێشتی جێگری سەرۆککۆماری کرد بۆ سەردانیکردنی ھەولێری پایتەخت و ھەرێمی کوردستان.





