٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

گەورەترین کۆنفرانسی زانستی ساز دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش ڕایدەگەیەنێت، سبەی لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و بە بەشداریی ١١ وڵات و زانکۆکانی ھەرێم و بەرپرسانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و کەسایەتیی جیاجیا، گەورەترین کۆنفرانسی زانستیی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ئێزدییەکان لە پارێزگای دھۆک دەست بە کارەکانی دەکات و ماوەی دوو رۆژیش بەردەوام دەبێت.

سەعید جردۆ، سەرۆکی دەستەی باڵای بنکەی لالش، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، لە ژێر چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گەورەترین کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی تایبەت بە ئیزدییەکان ساز دەکرێت، کە مەبەست لێی ناساندنی ئێزدیاتییە وەکو ئایین و کولتوور و مێژوو و جوگرافیا بە جیھان و ڕاستکردنەوەی ئەو ھەڵانەی بەرامبەر بە ئێزدییەکان گوتراون لە لایەن ھەندێک نووسەر و ڕۆژھەڵاتناس، بۆیە لێکۆڵینەوەی زانستی پێشکەش دەکرێن لەبارەی ئێزدیاتی بە گشتی، بۆ ئەوەی ڕاستییەکان دیار بن و کۆمەڵێک ڕاسپاردەش بۆ حکوومەتی ھەرێم و عێراق بەرز دەکرێنەوە، بۆ ئەوەی گرنگیی زیاتر بەو پێکھاتە ڕەسەنە بدرێت، تاوەکو زیاتر ڕۆڵی خۆی ببینێت ھاوشێوەی پێکھاتەکانی دیکە بۆ بنیاتنانی ئەم وڵاتە.

جردۆ گوتیشی، بەستنی ئەو کۆنفرانسە لەژێر چاودێریی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە و پەیامێکی گرنگە کە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان فۆکسی زۆری خستووەتە سەر کەیسی ئیزدییەکان، بۆ ئەوەی دووبارە ئەو زوڵم و ستەمەی لێیان کراوە نەمێنێت و ئەوانیش وەکو پێکھاتەکانی دیکە بگەنە مافە ڕەواکانی خۆیان لە کوردستان و عێراق و ژیانێکی سەرفراز بژین.

ناوبراو باسی لەوەشکرد، سبەی کۆنفرانسەکە دەست پێدەکات و دوو ڕۆژ دەخایەنێت، کە ژمارەیەکی زۆری لێکۆڵینەوە لەلایەن زانکۆکانی ھەرێمی کوردستان و ١١ وڵاتی جیھان ئامادە کراون و بەشداری تێدا دەکەن، بۆیە لێکۆڵینەوەکان پێشکەش دەکرێن و گفتوگۆیان لەسەر دەکرێت و دواتریش لێکۆڵینەوەکان لە پەرتووکێکدا لەلایەن بنکەی لالش چاپ دەکرێن، کە بڕیارە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت و کەسایەتی و بەرپرسانی عێراق و ھەرێمی کوردستانیش بەشداری تێدا دەکەن، کە سبەی کاتژمێر١٠ی بەیانی لە ھۆڵی کۆنفرانسەکان لە دھۆک دەست پێدەکات.

 

بڵند ئیبراھیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار