"سبەینێ ئەم کۆنفرانسە لە ھەولێر دەکرێت"

ھەولێر-KDP.info- سبەی لە شاری ھەولێر کۆنفرانسێک بە بەشداریی نزیکەی ٥٠٠ کەس لەبارەی گۆڕانکاریی کەشوھەوا و ئاسایشی ئاو ئەنجام دەدرێت، بەڕێوەبەری کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستانیش دەڵێت، ئەنجامی ئەو کۆنفرانسە بە ڕاپۆرتێک دەدرێتە ئەنجوومەنی وەزیران، بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت.
ئازاد نووری، بەڕێوەبەری کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، کۆلێژی ئەندازیاری لە زانکۆی نۆلیج بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان کۆنفرانسێک ئەنجام دەدەن، کە ١٠ کەسی پسپۆڕ و شارەزا سیمینار و دیبەتیان دەبێت لە بواری جیاجیا و ھەر یەکێک لە بواری خۆیدا باسی ھۆکار و چارەسەرییەکانی گۆڕانکاریی کەشوھەوا و ئاسایشی ئاو دەکەن، کە بڕیارە سبەی لە ھۆڵی کۆنفرانسەکان کاتژمێر ٩:٣٠ خولەکی بەیانی دەست پێبکات و بۆ ماوەی یەک ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
هاوکات گوتیشی، لەو کۆنفرانسەدا نزیکەی ٥٠٠ کەس بەشداری دەکەن لە بەرپرسانی حکوومی و وەزارەتەکان و کەسانی شارەزا و پسپۆڕ، بۆیە ئەو جۆرە کۆنفرانسانە زۆر گرنگن بۆ ھەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی بتواندرێت سوودیان لێ وەربگیرێت.
بەڕێوەبەری کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، لە لێدوانە تایبەتەکەیدا بۆ ماڵپەڕی KDP دەشڵێت، ئەو کۆنفرانسە لەسەر دوو بابەتی گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەوانیش گۆڕانکاریی کەشوھەوا و ئاسایشی ئاو، بۆیە ئەنجامی کۆنفرانسەکە دەکرێتە کۆنووسێک و بە ڕاپۆرت ئاراستەی ئەنجوومەنی وەزیران دەکرێت و ئەوانیش کاری لەسەر دەکەن، چونکە لەو کۆنفرانسەدا باسی ھۆکار و چارەسەرییەکان دەکرێت و ئەوانیش کە کاری خۆیان تەواو کرد، لە پێناو سوود وەرگرتندا گشتاندن بۆ ھەموو دامودەزگاکانی ھەرێمی کوردستان دەکەن.
بڵند ئیبراھیم




