حەفتا پلەی تایبەت لەناو حکوومەتدا ئافرەت بەڕێوەیان دەبات

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاشکرای کرد، لە ساڵانی ڕابردوودا ڕێژەی ئافرەت لەناو حزب و حکوومەتدا زۆر زیادی کردووە و دەڵێ، لە ھەموو ئۆرگانەکانی پارتی ئافرەت بەشدارە و لەناو حکوومەتیشدا ٧٠ پلەی تایبەت لەلایەن ئافرەتانەوە بەڕێوە دەبرێن.
د. ڤیان سلێمان، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای کۆنگرەی ١٤ی پارتیمان ڕێژەی ئافرەت لەنێو ئۆرگانەکانی حزبدا زۆر زیادی کردووە، کە بەراورد ناکرێت لەگەڵ کۆنگرەی پێشووتر، چونکە لە ھەموو ئۆرگانەکانی حزب ئێستا ئافرەت بەشدارە و ڕێژەکەش لە ھەڵکشانە، ئەوەش دوای ئەوەی پێشنیاز کرا لە کۆنفرانسە ناوخۆییەکان ڕێژەی ئافرەت زیاد بکرێت، ھەروەھا لەناو کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ئافرەت بە ڕێژەیەکی بەرچاو بەشدارن و ٧٠ پلەی تایبەت لەلایەن ئافرەتانەوە بەڕێوە دەبرێن.
سلێمان دەشڵێت، بەشداریی ئافرەت بەو ڕێژە بەرزە، جێگەی ئومێدە و ئێمە دەبینین ساڵ بە ساڵیش ڕێژەکە زیاتر دەبێت، دەرفەتی گرینگ بۆ ئافرەتانی کوردستان ڕەخسێندراوە تا بتوانن ڕۆڵیان ھەبێت لە ھەموو کایەکانی ژیان و حوکمڕانی، چەندین لێکۆڵینەوەمان لەسەر ڕێژە و بەشداریی ئافرەت ئەنجام داوە و ئەنجامەکان جێی دڵخۆشین.
هاوکات جەختیش دەکاتەوە، ئەو ڕاسپاردانەی لە کۆنفڕانسی ئافرەتانی پارتی دەرچوونە، ھەموویان ئاراستەی حزب و حکوومەت دەکرێن بۆ کارکردن لەسەریان، یەکێک لە پێشنیازەکان کردنەوەی ئەکادیمیایەکی تایبەت بە ئافرەتانە، ئەوەش کاری لەسەر دەکرێت، ئینجا کردنەوەی پەیمانگایەکی تایبەت بێت بە ئافرەتان یانیش لەناو پەیمانگای کادیرانی پارتی بەشێکی تایبەت بە ئافرەتان ھەبێت، پارتی بەردەوام دەبێت لەسەر پێگەیاندنی ئافرەتانی کوردستان و پێشتریش ژمارەیەکی بەرچاوی ئافرەت لەسەر ئاستی جیادا پێگەیەندراون.
قائید میرۆ




