٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پەیامی سەرۆك بارزانی لە كۆنفرانسی یەكڕیزی کورد: یەکگرتن چارەسەری پرسی کوردە لە سووریا

سەرچاوە: KDP.info

قامیشلۆ-KDP.info- نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، لە گوتارێکیدا پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و چارەکردنی دۆزی کورد.

حەمید دەربەندی، نوێنەری سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستیی کورد لە قامیشلۆ، پەیامی سەرۆک بارزانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، ئەم کۆنفرانسە دیدگایەکی مێژووییە بۆ یەکڕیزیی کورد و  چارەکردنی دۆزی کورد تاکوو بەشداریی کورد لەم وڵاتەدا مسۆگەر بکات.

سەرۆک بارزانی لە پەیامەکەیدا گوتیەتی: گەلی کورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پشتگوێخستن و ھەموو جۆرەکانی پەراوێزخستن و ئینکاری و چەوساندنەوە دەناڵێنێت، ئەمڕۆ لە کاتێکدا گۆڕانکاری خێرا لە سووریا و ناوچە کە ڕوودەدات، لە داھاتووشدا بەردەوام دەبێت، دەرفەتی گەورە بۆ گەلەکەمان ھاتووەتە ئاراوە، بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی گەورە دەکەوێتە سەر ئێوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی ئیستا و ئامادەکردنی پرۆژەیەکی فراوان و گونجاو کە گوزارشت لە خواستەکانی گەلەکەمان بکات، لەچوارچێوەی  سووریای یەکگرتوو ئازاد و دیموکراسیدا.

لە پەیامەکەدا ئاماژەی بەوەش کراوە، لەبەرامبەر دوایین ھەڕەشەکانی ناوچەکە، گرنگی خەباتی دیموکراسی و ئاشتیانە وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان دیارە، لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی لە ھەموو کاتێک گرنگترە و لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکاندا ئەنجامێکی باشتری لێدەکەوێتەوە.

ڕاشیگەیاندووە، دووپاتی دەکەمەوە کە یەکگرتنەوەی کورد و دامەزراندنی بنەمایەکی ھاوبەش، کلیلی بنەڕەتی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوامی پرسی کوردە لە سووریا. لەسەر ئەو بنەمایە، دروستکردنی شاندێکی ھاوبەشی کوردی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق ھەنگاوێکی پێویستە بەرەو بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کارا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی بۆ کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی کورد لە قامیشلۆ.

بەناوی خوای گەورە و میھرەبان

خوشک و برایانی ئازیز ئاامدەبووانی بەڕێز..

زۆر خۆشحاڵم کە لەم بۆنە گرنگەدا، سڵاوی خۆم ئاراستەی ئێوەی بەڕێز دەکەم و لە ڕێگەی ئێوەشەوە، بۆ گەلەکەمان لە ڕۆژئاوای کوردستان.

ئەم کۆنفرانسە ھەنگاوێکی گرنگ و مێژووییە لە ھەوڵەکانی بنیاتنانی یەکگرتوویی کورد و پێناسەکردنی دیدێکی یەکگرتوو و ھاوبەش، بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە بۆ پرسی کورد، کە بەشداریی ڕاستەقینەی گەلی کورد لە وڵاتەکەیدا مسۆگەر دەکات، ھەروەھا دەبێتە ھۆکارێک بۆ بەشداریکردنتان لە بنیاتنانی داھاتوویەکی باشتر بۆ ھەموو سوورییەکان.

لەو چوارچێوەیەدا سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ ھەوڵ و ماندووبوونی بەڕێز مەزڵووم عەبدی و ھەوڵی یەک بەیەکتان لە ڕێکخستن و ئامادەکاری بۆ ئەم کۆنفرانسە دەردەبڕم. ھیوادارم ھەمووتان بەردەوام بن لە ھەوڵەکانتان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی لێکتێگەیشتن و ھاوکاری یەکتری نێوان گەلەکەمان.

ڕاستییەکە کە گەلی کورد لە سووریا دەیان ساڵە بەدەست پشتگوێخستن و ھەموو جۆرەکانی پەراوێزخستن و ئینکاری و چەوساندنەوە دەناڵێنێت، ئەمڕۆ لە کاتێکدا گۆڕانکاری خێرا لە سووریا و ناوچە کە ڕوودەدات، لە داھاتووشدا بەردەوام دەبێت، دەرفەتی گەورە بۆ گەلەکەمان ھاتووەتە ئاراوە، بەرپرسیارەتییەکی مێژوویی گەورە دەکەوێتە سەر ئێوە بۆ زاڵبوون بەسەر ئاستەنگەکانی ئیستا و ئامادەکردنی  پرۆژەیەکی فراوان و گونجاو کە گوزارشت لە خواستەکانی گەلەکەمان بکات، لەچوارچێوەی  سووریای یەکگرتوو ئازاد و دیموکراسیدا.

لەبەرامبەر دوایین ھەڕەشەکانی ناوچەکە، گرنگی خەباتی دیموکراسی و ئاشتیانە وەک ئامرازێکی ستراتیژی بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلەکەمان و گەیشتن بە خواستەکانیان دیارە، لەم چوارچێوەیەدا دووپاتی دەکەینەوە کە چارەسەری ئاشتیانە و دیپلۆماسی لە ھەموو کاتێک گرنگترە و لە چارەسەرکردنی کێشە ئاڵۆزەکاندا ئەنجامێکی باشتری لێدەکەوێتەوە.

بەڕێزان باش ئاگاداری کاریگەرییە نەرێنییە ڕاستەوخۆکانی شەڕ و توندوتیژی سەر گەلی سووریاین، کە بووەتە ھۆی لەناوچوونی ژێرخانی وڵات و ئاوارەبوونی ملیۆنان کەس و لەناوچوونی ژێرخانی کۆمەڵایەتی و پەکخستنی ژیان و چڕبوونەوەی ھەڕەشەکانی توندوتیژی و مەزھەبی و تیرۆر.

بۆیە ئێمە پشتیوانی لە بنیاتنانی سووریایەکی نوێ و دیموکراسی و ھەمەچەشن و یەکسان دەکەین، کە تێیدا مافەکانی گەلی سووریا بە ھەموو پێکھاتەکانیشەوە مسۆگەر بکرێت و ھیچ شوێنەواری ستەم و دیکتاتۆریەت نەمێنێتەوە، ھەروەھا پشتگیری لە دروستکردنی دەستوورێک دەکەین، کە گەرەنتی ئەم بنەمایانە بکات و ئاسایش و سەقامگیری و ھاوسەنگی و لێخۆشبوون لە وڵاتدا مسۆگەر بکات و بپارێزێت، ئەمەش ھەنگاوێکی بنەڕەتییە بۆ بنیاتنانی ئایندەیەکی گەش بۆ ھەموو سوورییەکان، زامنکردنی مافە مەدەنی و سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ھەموو ھاووڵاتییان.

بەڕێزان،

دووپاتی دەکەمەوە کە یەکگرتنەوەی کورد و دامەزراندنی بنەمایەکی ھاوبەش، کلیلی بنەڕەتی چارەسەری دادپەروەرانە و بەردەوامی پرسی کوردە لە سووریا. لەسەر ئەو بنەمایە، دروستکردنی شاندێکی ھاوبەشی کوردی بۆ دیالۆگ لەگەڵ ئیدارەی نوێ لە دیمەشق ھەنگاوێکی پێویستە بەرەو بەشدارییەکی ڕاستەقینە لە بنیاتنانی ئایندەی وڵات و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کوردمان و بەشداری کارا لە پرۆسەی بڕیاردانی سیاسیدا.

ئێمە جەخت لەسەر گرنگی پتەوکردنی پەیوەندی برایەتی نێوان کورد و ھەموو پێکھاتەکانی تری گەلی دراوسێی سووریا دەکەینەوە، بەرەوپێشبردنی ئاشتی مەدەنی و پاڵپشتیکردنی کولتووری لێبوردن و ئاشتەوایی نیشتمانی و دڵنیابوون لەوەی داھاتووی سووریا لەسەر بناغەکانی ھاوپشتی و ڕێزگرتنی یەکتر و ھاوڵاتییەکی یەکسان بنیات بنرێت، بناغەیەکی سەرەکین بۆ بنیاتنانی وڵاتێکی ئاشتیخواز و دادپەروەرانە بۆ ھەمووان.

لە کۆتاییدا، ھیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم بۆ کۆنفرانسەکەتان. ھیوادارم ئەنجامەکانی ببێتە ھۆکارێک بۆ ڕێزگرتن لە خەبات و کاری گەلەکەمان و لە ئاستی ڕەنج و قوربانیدان و مێژووی گەلی کورددا بین. پاڵپشتی تەواوی خۆم بۆ ھەر ھەوڵێکی دڵسۆزانە دووپات دەکەمەوە کە ئامانجی یەکخستنی ڕیزەکانی کورد و پێکەوە کارکردن بێت بۆ داھاتوویەکی ئارام و شکۆمەندانە بۆ گەلەکەمان.

 

مەسعوود بارزانی

٢٦ـی نیسانی ٢٠٢٥

هەواڵی پەیوەندیدار