٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نوێنەری سەرۆك بارزانی گەیشتە قامیشلۆ بۆ بەشداریی لە یەكڕیزی و یەكهەڵوێستیی کورد

سەرچاوە: KDP.info

قامیشلۆ-KDP.info- ئەمڕۆ ھەینی نوێنەری سەرۆک بارزانی گەیشتە شاری قامیشلۆ بە مەبەستی بەشداریکردن لە کۆنفڕانسی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی حزب و لایەنەکانی کوردی لە سووریا.

د.حەمید دەربەندی، بەرپرسی دۆسیەی سووریا لە ھەرێمی کوردستان و نێردەی تایبەتی سەرۆک بارزانی گەیشتە قامیشلو.

د.حەمید دەربەندی، بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی، بەشداری لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی حزب و لایەنەکانی کوردی لە سووریا دەکات کە بڕیارە سبەی شەممە لە شاری قامیشلو ببەسترێت.

پێشتر فەیسەڵ یووسف گوتەبێژی ئەنجوومەنی نیشتمانی کوردی لە سووریا ڕایگەیاندبوو: شانازییەکی گەورەیە بۆ ئێمە کە نوێنەری سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکھەڵوێستی حزب و لایەنەکانی کوردی بەشدار دەبێت.

ڕاشیگەیاندبوو: سەرۆک بارزانی ھەمیشە جەختی لە یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان لە سووریا کردووەتەوە، بەشداریکردنی د.حەمید دەربەندیش بە نوێنەرایەتی سەرۆک بارزانی لە کۆنفرانسەکە دووبارە پەیامێکی مەعنەوی گەورەیە بۆ تەواوی گەلی کورد لە سووریا.

چاوەڕوانیش دەكرێت لەو كۆنفرانسەدا سەدان كەس بە نوێنەرایەتیی ئەنەكەسە و پەیەدە و سیاسەتمەدارانی كوردی ڕۆژئاوای كوردستان بەشداریی بكەن.

هەواڵی پەیوەندیدار