٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌یامى سەرۆکی ھەرێمی کوردستان له‌ یادى شه‌هیدانى قه‌ڵادزێدا

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە ٥١مین ساڵیادی بۆمبارانکردنی شاری قەڵادزێ، پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ھاتووە، ئەمڕۆ یادی خەمناکی ساڵیادی بۆمبارانکردنی زانکۆی سلێمانی و شاری قەڵادزێ دەکەینەوە کە لە تاوانێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق و لە ھەوڵێکی بێھودەدا بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان، دەیان قوتابی و مامۆستا و ھاووڵاتی شەھید بوون.

دەقی پەیامی نێچیرڤان بارزانی:

ئەمڕۆ یادی خەمناکی ساڵیادی بۆردومانکردنی زانکۆی سلێمانی و شاری قەڵادزێ دەکەینەوە کە ٢٤ی نیسانی ١٩٧٤ لە تاوانێکی دڕندانەی ڕژێمی پێشووی عێراق و لە ھەوڵێکی بێھودەدا بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلی کوردستان و بزووتنەوە ڕزگاریخوازییەکەی، دەیان قوتابی و مامۆستا و ھاووڵاتی شەھید بوون.

لەم یادەدا، بە ڕێزەوە یادی شەھیدانی جوانەمەرگی زانکۆ دەکەینەوە و سەری ڕێز و نەوازش لەبەردەم گیانی پاکیاندا دادەنەوێنین. ئەم تاوانە سامناکە، لاپەڕەیەکی تری ئازاربەخشی مێژووی کوردستان بوو، بەڵام نەیتوانی ئیرادەی گەلەکەمان لاواز بکات، بەڵکوو گوڕوتینی بۆ بەردەوامیی خەبات و تێکۆشان لەپێناو ئازادیدا، پتەوتر کرد.

لەم بۆنەیەدا، پشتگیریی تەواومان بۆ خزمەتکردنی زیاتری ناوچەی پشدەر و قەڵادزێ نوێ دەکەینەوە کە ھەمیشە ھێمای خەباتی نیشتمانی بوون و بۆ بەرگریکردن لە کوردستان، قوربانیی گەورەیان داوە. بەرپرسیاریەتیی ھەموومانە بە کارکردن بۆ داھاتوویەکی باشتر بۆ خەڵکی ئەوێ و کوردستان بەگشتی، ڕێز لە خەبات و قوربانیدانیان بگرین.

سڵاو لە گیانی پاکی شەھیدانی زانکۆی سلێمانی و قەڵادزێ و تەواوی شەھیدانی کوردستان، یادیان بە خێر.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٥/٤/٢٤

هەواڵی پەیوەندیدار