سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لهگهڵ وهزیرى دهرهوهى فهرهنسا كۆبووهوه

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢٥/٤/٢٣، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە ژۆن نوێل باروو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا و شاندێکی یاوەری کرد کە بە سەردانێکی فەرمی لە عێراقن.
لە کۆبوونەوەیەکدا ھەردوولا گفتوگۆیەکی فراوان و بەرھەمداریان دەربارەی چۆنیەتیی برەودان بە پەیوەندییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان ئەنجام دا و دەربارەی پێشھاتەکانی عێراق و ناوچەکە بەگشتی، بیروڕایان گۆڕییەوە.
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، جەختی کردەوە کە ھەرێمی کوردستان دۆستایەتی و پەیوەندییە مێژوویییەکانی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرز ھەڵدەسەنگێنێت، ھەروەھا خواستی ھەرێمی کوردستانی بۆ پەرەپێدانی ھاریکاریی ھاوبەش لە ھەموو بوارەکان، بەتایبەتی لە بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و ھاریکاریی ئابووری و کولتووریدا، نیشان دا.
بەڕێزیان سوپاس و پێزانینی قووڵی خۆیان بۆ فەرەنسا و سەرۆک ماکرۆن دووپات کردەوە بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە عێراق و لە گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا. ھەروەھا ڕایگەیاند: چاومان لە بەردەوامیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی ھاوبەشە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا.
لای خۆیەوە، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەربڕی و جەختی لە خواستی وڵاتەکەی بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا کردەوە.
بەڕێزیان داکۆکی لەوە کرد کە فەرەنسا وەک ھاوبەشێک بە بایەخێکی زۆرەوە لە پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان دەڕوانێت و بەردەوامیی پشتگیریی وڵاتەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان لە ھەموو بوارەکاندا، دووپات کردەوە.
دۆخی سووریا و چەند پرسێکی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو. دوای کۆبوونەوەکە لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا باسیان لە ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان کرد.

سەرەتا سەرۆک نێچیرڤان بارزانی گوتی:
زۆر خۆشحاڵم ئەم ئێوارەیە لێرە لە ھەولێر پێشوازیم لە جەنابی مسیوو ژۆن نوێل باغوو، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.
سوپاسی جەنابیان دەکەم بۆ سەردانیان بۆ ھەرێمی کوردستان. ئێمە گفتوگۆیەکی فراوان و بەرھەمدارمان سەبارەت بە پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا و گۆڕانکارییەکان لە عێراق و ناوچەکەدا، ئەنجام دا.
ئێمە دۆستایەتی و پەیوەندیی مێژووییی فەرەنسا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان بەرز ھەڵدەسەنگێنین. جەخت لە پابەندیمان بە پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و فراوانکردنی ھاریکاریی ھاوبەشمان لە ھەموو بوارەکاندا دەکەینەوە. بەتایبەتی لە بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، ھاریکاریی ئابووری و کولتووری و بوارەکانی تریش.
ھەر لەم دەرفەتەدا سوپاس و پێزانینی قووڵمان بۆ فەرەنسا و جەنابی سەرۆک ماکرۆن دووپات دەکەینەوە، بۆ پشتگیریی بەردەوامیان لە گەلی کوردستان، بەتایبەتی لە کاتە سەختەکاندا.
چاومان لە بەردەوامیی ھاوکاری و ھەماھەنگیی نێوانمانە بۆ خزمەتکردنی ئاشتی و گەشەسەندن لە ناوچەکەدا.
دووبارە زۆر بە خێر بێن جەنابی وەزیر.
پاشان بەڕێز وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گوتی:
بەڕێز سەرۆک، ئازیزم نێچیرڤان بارزانی، مایەی خۆشحاڵیی گەورەمە کە ئەمڕۆ لێرەم لەگەڵتان لە ھەولێر، لە یەکەم سەردانمدا بۆ عێراق، سەردانێک کە نەمدەتوانی بیری لێبکەمەوە بەبێ وەستان لە دڵی ھەرێمی کوردستان.
دەمەوێت سوپاستان بکەم، ھەروەھا سوپاسی سەرۆک مەسعود بارزانی و سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، بۆ گەرمیی پێشوازیکردن و نیشانەی دۆستایەتیتان. دۆستایەتییەکی تایبەت ھەیە لە نێوان فەرەنسا و کوردستان، لە نێوان گەلی کورد و گەلی فەرەنسا. لە ماوەی زیاتر لە سی ساڵدا، پەیوەندیی بەھێز و برایانەمان گەشەپێداوە، کە لەسەر خەباتی ھاوبەش و پابەندبوون بە ئازادی، دامەزراوە.
فەرەنسا یەکەم دەستپێشخەریی کرد، لە ٥ی نیسانی ١٩٩١، بۆ ھاندانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بەرەو پەسەندکردنی بڕیاری ٦٨٨، کە ڕێگەی بۆ خۆبەڕێوەبەریی کوردی لە عێراق خۆشکرد.
لە ساڵانی ڕابردوودا، جەنگ دژی داعش فاکتەرێک بوو بۆ بەھێزکردنی پەیوەندییەکانمان و دەتوانم بڵێم کە لە نێوانماندا (برایەتیی چەک)ی ڕاستەقینە ھەیە. ھێزەکانمان بەردەوامن لە شەڕکردن لە پاڵ پێشمەرگە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق و ھێزەکانی سووریای دیموکرات.
دەمەوێت لەبەردەمتاندا ستایشی ئازایەتی و فیداکاریی ھێزەکانی پێشمەرگە بکەم. ئاشتی و گەشەسەندن لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ناتوانێت بەدەست بێت بەبێ پاراستنی فرەیی لە ناوچەکە. ئەوەم پێش کەمێک بە پەتریارکی کلدانی مار لویس ساکۆ گوت کە دڵسۆزیی نەگۆڕی فەرەنسام بۆ دووپات کردەوە.
ئەمڕۆش، دووبارە بۆ جەنابی سەرۆک و بۆ دەسەڵاتەکانی ھەرێم بە ھەموو پێکھاتەکانیەوە، ھاریکاریی فەرەنسا و ڕۆحی دیالۆگ کە تایبەتمەندیمانە، دووپات دەکەمەوە.
سەرەتای ھاریکاریمان لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، دوژمنی ھاوبەشمان کە سەرەڕای لاوازی، ھێشتا توانای دروستکردنی مەترسییان ھەیە. نە فەرەنسا، نە کوردستانی عێراق کە ھەردووکیان زۆر ئازاریان بینیوە لە تیرۆری ئیسلامی، ناتوانن سازش بکەن یان پاشەکشە لە دەستکەوتەکانی دە ساڵ خەبات بکەن.
ئێمە ھێشتا سوورین لەسەر پێشکەشکردنی ھەموو پشتگیرییەکی پێویست بۆ ھاوبەشەکانمان لەم ململانێیەدا، ھەروەھا ھاوکاری لەبارەی دەرئەنجامی ناکۆکییەکان کە ناوچەکە بە تەواوی دەھەژێنن.
ناوەندەکانی قەیران زۆرن، لە جەنگی غەزەوە بۆ گرژیی لەگەڵ ئێران، ھەروەھا دەرئەنجامەکانی ڕووخانی بەشار ئەسەد و ئاستەنگەکانی قۆناغی گواستنەوە لە سووریا.
ئەگەر ھەولێر لە ساڵی ٢٠٢٣ و کانوونی دووەمی ٢٠٢٤دا بەر ھێرش کەوتبێت، عێراق و ھەرێمی کوردستان بە گشتی توانیویانە خۆیان لەو گرژییە ھەرێمییانە دوور بگرن، بەڵکوو بەشداریشیان کردووە لە ھەوڵەکانی ھێورکردنەوە.
دیالۆگی سیاسی و دیپلۆماسی کە لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ھەرێم دەیکەین، بەھایەکی زۆری ھەیە، بۆ شکاندنی بازنەی توندوتیژی کە ھێرشی تیرۆریستیی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ ھەڵیگیرساند.
جەنابی سەرۆک، ئاماژە بە ھەماھەنگیی نزیکمان دەکەم، بۆ پشتگیریکردنی ھەوڵەکانی جەنەراڵ مەزلووم و ھەموو ھێزە سیاسییەکانی کورد لە سووریا و یەکخستنی ڕیز و کاریگەریی ئەرێنی لەسەر پرۆسەی گواستنەوەی بەردەوام لە سووریا، بە جۆرێک کە فرەیی و مافەکان و بەرژەوەندییەکانی کورد و ھەموو پێکھاتەکانی کۆمەڵگەی سووری و بەردەوامیی جەنگی دژی تیرۆری ئیسلامی دابین بکات. پاش کەمێکی دیکە گفتوگۆ لەگەڵ جەنەراڵ مەزلووم دەکەم لەسەر ئەم بابەتە.
لە بەرامبەر ئەم ئاستەنگانەدا، فەرەنسا باوەڕی وایە کە ھێزی دامەزراوە دیموکراتییەکان، کە ھەرێمی کوردستان نموونەکەیەتی لە ناوچەکەدا، بەشێکی گرنگە. ئەمەیە واتای ھەڵبژاردنە پەرلەمانییەکان کە لە ھەرێمدا لە ئۆکتۆبەری ڕابردوو ئەنجامدران، ھەروەھا ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی فیدراڵی کە بۆ پایزی داھاتوو دیاریکراون.
فەرەنسا پشتگیری کردووە و بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی ئەم پرۆسەی ھەڵبژاردنانە. ئەمەش گرنگییەکی زۆر دەدات بە گفتوگۆ بەردەوامەکان لەسەر پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێم، بە جۆرێک کە توانای کوردستان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ناسەقامگیریی ھەرێمی بەھێز بکات.
لە کۆتاییدا، ئەمە واتای ئەو دیالۆگەیە کە لە نێوان ھەولێر و بەغدایە و فەرەنسا وەک دەرفەتێک بۆ بەھێزکردنی یەکێتیی عێراق و ئاسایش و گەشەسەندنی دەیبینێت و بە ھەمان شێوە ئەمنیەت و گەشەسەندنی ھەرێم لە ناویدا.
زۆر شتمان ھەیە پێکەوە بیکەین جەنابی سەرۆک، وەک فەرەنسی و کورد. ھەوڵەکانمان لە بواری دیپلۆماسی و کولتوور لە کوردستان ڕەنگدانەوەی ھەیە لە پرۆژەی بەرجەستەی ڕۆژانە. ھاتووم بۆ لاتان بۆ دووپاتکردنەوەی پابەندبوونمان بەم پەیوەندییە و ئارەزوومان بۆ گەشەپێدان بەمەبەستی دروستکردنی داھاتووی ھاوبەش.
ئەمە ئامانجە لە پشتگیریمان بۆ پەروەردەی گەنجان لە ڕێگەی پەیمانگەی فەرەنسی لە ھەولێر و پەیمانگەی فەرەنسی بۆ ڕۆژھەڵاتی نزیک و ھەردوو قوتابخانەی فەرەنسی "دانیێل میتران" لە سلێمانی و ھەولێر.
ئەم دامەزراوانە بەشدارن لە بڵاوکردنەوەی زمانی فەرەنسی و کولتوور و ئاڵوگۆڕی ئەکادیمی و زانستی. ھەروەھا ئێمە کار بۆ پشتگیریی گەشەسەندنی ئابووری لە کوردستان دەکەین، لە ڕێگەی بەھێزکردنی پەیوەندییە بازرگانییەکان کە ڕێگەیەکە لەگەڵ فۆرمی ئابووریی فەرەنسی-کوردی دەستی پێکرد کە لە سێپتەمبەری ڕابردوودا بەستران و کار دەکەین بۆ زیاتر بەھێزکردنی.
ئەمانە ئەو بابەتانەن کە ویستم بە متمانەوە لەگەڵتان گفتوگۆی لەسەر بکەم جەنابی سەرۆک، ھەروەھا لەگەڵ دەسەڵاتەکانی ھەرێم. ئەوەم کرد بە ڕۆحی دۆستایەتی و ھاریکاری و دڵسۆزی کە تایبەتمەندی پەیوەندییەکانی فەرەنسی-کوردیمانە.
دووبارە سوپاس بۆ پێشوازیتان.




