سەرۆك بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا دەكات

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٣ی نیسانی ٢٠٢٥ لە سەلاحەدین، سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا کرد.
لە دیدارەکەدا کە پاتریک دۆرێل باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و یان برێم کونسوڵی فەڕەنسا لە ھەولێر ئامادەی بوون، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا سوپاسی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ پێشوازی و ھەروەھا وێڕای جەختکردنەوە لە پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان گەلی کوردستان و گەلی فەڕەنسا، سەرۆک بارزانیی وەک ئەندازیاری ئەو دۆستایەتییە وەسف کرد. لای خۆیەوە سەرۆک بارزانی سوپاسی گەل و حکوومەتی فەڕەنسای کرد کە ھەمیشە لە کاتی تەنگانەدا پشتیوانی گەلی کوردستان بوونە.
ھەر لەو دیدارەدا بارودۆخی ناوخۆی ھەرێم و پێویستیی پێکھێنانی کابینەی تازەی حکوومەتی ھەرێم لە زووترین کات خرایە بەرباس و گفتوگۆ و، ھەڵسەنگاندن بۆ پەیوەندییەکانی ھەرێم و بەغدا و ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ھەروەھا بارودۆخی ناوچەکە و سووریا کرا.
پەیوەست بە بارودۆخی سووریا و داھاتووی کورد لەو وڵاتە جەخت لە سەرخستنی ھەوڵەکان بۆ گفتوگۆ و نێوەندگیری و یەکڕیزی نێوان لایەنە کوردییەکانی سووریا کرایەوە و وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆک بارزانی لە یەکخستنی ھەوڵەکان و لەیەکنزیککردنەوەی لایەنە کوردییەکانی سووریا ھەبوو.
لەبارەی پڕۆسەی ئاشتیی تورکیا، سەرۆک بارزانی ھەنگاو و ھەوڵەکان بۆ چارەسەری ئاشتیانە لە تورکیای بەرز نرخاند و ڕاشیگەیاند، ھەرێمی کوردستان ھەمیشە ئامادە و پشتیوانی ھەموو ھەوڵێکە کە پڕۆسەی ئاشتی لە تورکیا بگەیێنێتە ئەنجام.
لە کۆتایی ئەم دیدارەدا وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا بە فەرمی بانگھێشتی سەرۆک بارزانیی کرد بۆ سەردانی بۆ شاری پاریس و ئامادەبوون لە مەراسیمی پەردەلادان لەو شوێنەی کە بە مەبەستی ڕێزگرتن لە قوربانیدانی ھێزی پێشمەرگەی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆریستان لە یەکێک لە پارکەکانی پاریس دەکرێتەوە.





