سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد

ھەولێر-KDP.info- ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە مەسروور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێشوازی لە ژان نوێل بارۆ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کرد.
وەزیری دەرەوەی فەرەنسا خۆشحاڵی خۆی بە سەردانیکردنی ھەولێر دەربڕی و ئاماژەی بە دۆستایەتیی بەھێزی نێوان ھەرێمی کوردستان و فەرەنسا کرد و گوتی ھەرێمی کوردستان فاکتەرێکی گرنگی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی حکوومەت سوپاس و پیزانینی ھەرێمی کوردستانی بۆ پشتیوانیی بەردەوامی حکوومەت و گەلی فەرەنسا دووپات کردەوە و جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا کردەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا ھەردوولا ھاوڕابوون لەسەر پێویستی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێم لە کاتێکی نزیکدا.
پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدراڵ و گرنگیی دابینکردنی مافە دەستوورییەکانی ھەرێم و ڕیزگرتن لە سیستەمی فیدراڵی و ھەروەھا دەستپێکردنەوە ھەناردەکردنی نەوتی ھەرێمی کوردستان، تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.





