٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"بەجۆرێک گۆڕانکاری لە پڕۆگرامی خوێندن کراوە زمانی کوردی زاڵە"

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر - KDP.info - بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "گۆڕانکاری تەواو لە پڕۆگرامی خوێندن کراوە، ڕێژەی ٦٠%ی تەواوکراوە و تا دووساڵی دیکە ھەمووی تەواو دەبێت، گۆڕانکارییەکان بەجۆرێک کراون زمانی کوردی زاڵ دەبێت."

ماموستا حەسەن جاف، بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند" یەکێک لە خاڵەکانی کابینەی نۆیەم گۆڕین و پێداچوونەوە بوو بە پڕۆگرامەکانی خوێندن بەپێی ستانداردە جیھانییەکان، ھەر لەگەڵ دەستبەکاربوونی وەزیری پەروەردە دەستمان کرد بە جێبەجێکردنی ئەو بڕگەیە، تا ئێستا ٦٠%ی گۆڕین و پێداچوونەوە بە پڕۆگرامی خوێندن تەواوبووە، ئەوەی دیکەش تا ساڵی ٢٠٢٧ تەواو دەکرێت، پێشتر کە پڕۆگرام دەگۆڕا نزیکەی ٣٠٠ملیۆن دۆلاری تێدەچوو، ئێستا ئەو پەڕتووکانەی گۆڕاوە بە کادیری دەستڕەنگینی کورد لە خانەقین تا زاخۆ بە شێوەیەکی کوردییانە گۆڕاوە و یەک دینار لەسەر حکوومەت نەکەوتووە، تەنیا لەڕێگەی پڕۆگرامەکانی خوێندن دروستکراوە، ئەو پەڕتووکانەی گۆڕدراون نوێنە و بەپێی بەھا ستانداردە جیھانییەکان کاریان تێدا کراوە و چوار شتی تێدا ڕەچاو کراوە، ئەویش بەئەلکترۆنیکردنی پەرتوکەکانە لەڕێگەی دانانی کۆمەڵێک بارکۆد و لەڕێگەی تۆمارکردنی ڤیدیۆی نوێ، ئەگەر منداڵێک لە قوتابخانەش ئامادە نەبێت دایک و باوکی دەتوانن لەڕێگەی موبایل وانەکەی بۆ شەرح بکەن، بەتایبەت بۆ بازنەی یەک، ئەگەر لە ھەندەرانیش بێت سودی لێ وەردەگرن.

زۆرترین کتێب گۆڕدراوە و ئەمساڵ دەکەوێتە خزمەت قوتابیان و ماموستایان، ئێستا ٢١ پەڕتووک ئامادەکراوە و گۆڕدراوە و پێیداچوونەتەوە، ٣ پەڕتووکی ئینگلیزی دروستکراوە بۆ پەیمانگای پیشەیی پێنج ساڵی کە لە ھەولێر و سلێمانی و شاری دیکەیش ھەیە، ساڵی داهاتوو لە دھۆک و چەند شارێکی دیکەیش بەردەست دەبێت، بۆیە پەڕتووکەکان بە نووسین و ئەلکترۆنیش بەردەستن."

ماموستا حەسەن جاف گوتیشی "خشتەی بەشە وانەکان لەناو پەڕتووکەکان بە جۆرێک دیاری کراوە بەشی پێنج ڕۆژ دەوامکردنە، زۆربەی ماموستایان گلەیی ئەوەیان دەکرد لە پێنج ڕۆژ وانەکان تەواو نابێن، بەڵام کەمکراوەتەوە و بە پێنج ڕۆژ تەواو دەبن، زانست بۆ دروستکردنی پڕۆگرام بە تەواوی بەکار ھاتووە، ئێستا لەبەر دەستی قوتابیان و ماموستایانە، ئەو پڕۆژەیە لە مێژووی کورد یەکەم جارە دەخرێتە کار و دوو ساڵە دەستمان کردووە بە دروستکردنی پەڕتووکی زانستی، کادیری کوردیش ئەو کارەی کردووە و گۆڕانکاری باش لە پەڕتووکەکان کراوە، ئاینەکانیش گۆڕدراون، بابەتی ئامۆژگاری خاک و نیشتمانی تێدایە، ئەوەی لە ئایەتەکان باسی خۆشویستنی خاک و نیشتمان و یەکتر قبوڵکردن لەڕووی نەتەوەیی و فرەئاینیەوە دەکات، بۆ ئەوەی تەبایی و خۆشەویستی بە بەھێزی بمینێتەوە و ئاینەکان یەکتر قبوڵ بکەن باسی فرەنەتەوەییش کراوە."

دەشڵێت "پەڕتوکێکیش لەسەر جینۆسایدی کورد بە زمانی عەرەبی، ئینگلیزی و کوردی بەناوی جینۆسایدی گەلی کوردستان دروست کراوە، کوردستان لە کۆمەڵێک گەل پێکھاتووە، ئەوانەش لەگەڵ کورد ناخۆشییان بینیوە، چونکە ھەمووان لە کوردستان کراونەتە ئامانج بۆ ئەوەی جینۆسایدەکە ھەموو پێکھاتە و نەتەوەکان بەھی خۆیان بزانن، بۆیە ئەمەشمان ڕەچاو کردووە و بایەخێکی زۆرمان بە زمانی دایک داوە، زمانی دایک زاڵە بەسەر ھەموو زمانەکان، چونکە خەریکبوو زمانی دایک لەناو دەچوو و هەوڵ دەدرا قوتابخانەکان بکرێنە ئینگلیزی، بەڵام وەزیری پەروەردە بڕیاری دا، لە یەک ڕۆژ ٢٠٠ قوتابخانەی ئینگلیزی کرانە کوردی، ئێستا لە قۆناغی چواری بنەڕەتین و بەڕێوبەرایەتییەک بەناوی زمانی کوردی دروست کراوە و بایەخێکی زۆر بە زمانی کوردی دراوە، کوردی زاڵ کراوە، بۆیە بە گۆڕینی پڕۆگرامەکانی بیروھزری قوتابی زۆر دەگۆڕێت و ڕەنگدانەوەی ئیجابی دەبێت، ئەمەش ھەندێک کاتی پێویستە بۆ ئەوەی ئامانجمانە پێی بگەین."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار