سەرۆکی حکوومەت پێشوازی لە سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی کرد

ھەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، پێشوازیی لە محەممەد ئەلیەماحی، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی کرد، لە دیدارەکەدا ئەلیەماحی ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی ھەولێر و ھەرێمی کوردستانی کرد.
ئەمڕۆ سێشەممە ٢٢-٤-٢٠٢٥، مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە محەممەد ئەلیەماحی، سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی کرد، لە دیدارەکەدا شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئامادە بوو.
سەرۆکی پەرلەمانی عەرەبی خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی ھەرێمی کوردستان دەربڕی و ستایشی پێشکەوتن و ئاوەدانیی ھەولێر و ھەرێمی کرد. ھەروەھا کورتەیەکی دەربارەی کار و چالاکی و ئامانجەکانی سەردانەکەی بۆ عێراق و ھەرێمی کوردستان خستە ڕوو و خواستی برەودان بە ھاریکاری و ھاوئاھەنگیی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نیشان دا.
سەرۆکی حکوومەت جەختی لە گرنگیی پەرەپێدانیی ھاریکاری و کاری ھاوبەش لەگەڵ پەرلەمانی عەرەبی کردەوە و داوای لێکردن کە ڕۆڵی خۆیان لە ڕوونکردنەوەی ڕاستییەکان و پشتیوانیکردنی سیستەمی فیدراڵی عێراق و ھەرێمی کوردستان بگێڕن.
ئامادەکارییەکانی بەستنی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا، بەشێکی دیکەی گفتوگۆکان بوو.





