پەیامی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی بە بۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی

ھەولێر-KDP.info- بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بەبۆنەی (١٢٧)ەمین ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی. پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی ڕۆژنامەنووسانی کوردستان دەکات.
دەقی پەیامی ڕاگەیاندنی پارتی بەبۆنەی ساڵیادی ڕۆژنامەگەریی کوردی.
ڕۆژنامەی (کوردستان) یەکەمین ڕۆژنامەی کوردیمانە، کە لە (٢٢ی نیسانی ١٨٩٨) لەسەر دەستی (میقداد مەدحەت بەدرخان) لە قاھیرە دەرچوو، بۆیە ئەو ڕۆژە یەکێکە لە بیرەوەرییە ھەرە گرنگ و پڕشنگدارەکانی کاروانی ڕۆژنامەگەری و کەلتووری نەتەوەییمان.
ئەو ڕۆژنامەیە لەو سەردەمەدا ڕۆڵێکی کاریگەری ھەبوو لە بوژانەوەی ھەست و نەست و ھۆشیاریی نەتەوەیی و ڕەخساندنی زەمینەی پەرەسەندنی ھزر و ھۆش و بیروباوەڕی سیاسی و کۆمەڵایەتی.
لە لایەکی دیکەوە ڕۆژنامەی (کوردستان) سەکۆیەکی نوێ و ئازاد بوو بۆ دەنگە دلێر و نیشتمانپەروەرەکان بۆ خزمەتکردنی کێشەی کورد و دۆزە ڕەواکەی بۆ بەدیھێنانی ئامانجەکانی و خستنەڕووی خواست و ویستەکانی وەک نەتەوەیەکی ستەملێکراو.
ڕێبازی بارزانی و پارتی دیموکراتی کوردستان ھەمیشە و بەردەوام پشتیوان و پاڵپشتیکاری بزاڤی ڕۆژنامەگەری و ڕۆژنامەوانان بووە و لە ڕیزی پێشەوەی داکۆکیکردن بووە لە ئازادی ڕۆژنامەگەری و ڕادەبڕین.
ھەروەھا فەراھەمکردن و ڕەخساندنی زەمینەی کاری ڕۆژنامەوانی و ھاندانی ئەو توێژە بۆ بەرەوپێشخستنی کارنامە و پلان و پڕۆژەکانیان لە ڕێگەی یاسایی و دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و و پاراستنی مافەکانیان.
لەم قۆناغەی ئەمڕۆشدا لە ھەرێمی کوردستان، بەپێی یاسا و ڕێساکانی کاری ڕۆژنامەوانی، پانتاییەکی بەرفراوانی ئازادی ڕۆژنامەوانی و ئازادی ڕادەربڕین فەراھەم کراوە و ڕێکخراوە لە ڕووی چاپەمەنی و بڵاوکردنەوە و ھەموو بوارەکانی کاری ڕاگەیاندن.
بەم بۆنەیەوە جارێکی دیکە وێڕای پشتیوانیی تەواومان بۆ ئازادی ڕادەربڕین و کاری ڕۆژنامەگەریی، جەخت لەسەر ڕۆڵ و کار و ئەرکی ڕۆژنامەگەریی و داموودەزگە میدیاکان دەکەینەوە، کە بەرپرسانە و پیشەگەرانە کاری ڕۆژانەی خۆیان ئەنجام بدەن و ڕەچاوی بەرژەوەندییە باڵاکان و پرسە چارەنووسسازەکانی ھەرێمی کوردستان بکەن.
بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان
٢٢ی نیسانی ٢٠٢٥




