مانگی شەش قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ تەواو دەبێت

زاخۆ-KDP.info- بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ گوتی، "قۆناغی دووەمی کۆڕنیشی زاخۆ لە قۆناغی کۆتایییە و لە مانگی شەشی ئەمساڵ دەکرێتەوە کە بووەتە ھۆکاری بەرزبوونەوەی ڕێژەی گەشتیار لە ٢٠٠ ھەزار بۆ یەک ملیۆن، چونکە بە ڕێژەی ٨٠% گۆڕانکاری لەسەر گەشتیاری زاخۆ دروست کردووە."
چیا ئەمین، بەڕێوەبەری گەشتوگوزاری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "دوای تەواوبوونی قۆناغی یەکەمی کۆڕنیشی زاخۆ کە لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبێت خابیری زاخۆ ھەمووی ببێتە کۆڕنیش، ئێستا قۆناغی دووەم لە بواری جێبەجێکردن دایە، نزیکەی ٧٠%ی تەواوبووە و گەیشتووەتە قۆناغی کۆتایی و چاوەڕێ دەکرێت لە مانگی شەشی ئەمساڵ تەواو بێت، چونکە ژێرخانەکەی تەواوکراوە و تەنیا بڕگەی سەوزایی و ڕووناکی و ھاتوچۆ ماوە، ئەویش لە ماوەیەکی نزیک تەواو دەبێت."
چیا ئەمین گوتیشی، "قۆناغی دووەم تەواوکەری قۆناغی یەکەمە، لەم قۆناغە یاری منداڵان، شوێنی وەرزشکردن، خواردنگە، کافێ و شوێنی ھاتووچۆ کە ٣.٥کم دەبێت ھەیە، قۆناغی یەکەم بە ھەردوولا ٢کم دەبێت، ئەم دوو قۆناغە لەسەر بوودجەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دروستکراوە، قۆناغی سێیەم و بەردەوامبوونی دەدرێتە کەرتی تایبەت، ئەو خەڵکەی موڵکی لەوێ ھەیە بەرنامەی ئێمە جێبەجێ دەکەن و خواردنگە و کافێ لەوێ دروست دەکەن، بۆیە ئەو گۆڕانکارییەی کۆڕنیشی زاخۆ دروستی کردووە دەگاتە ڕێژەی ٨٠%."
ھاوکات دەشڵێت، "پێش ئەوەی زاخۆ ببێتە ئیدارەی سەربەخۆ و کۆڕنیش دروست بکرێت، ساڵانە ژمارەی گەشتیار نەدەگەیشتە ٢٠٠ ھەزار کەس، ئێستا دوای بە ئیدارەبوونی سەربەخۆی زاخۆ و دروستکردنی کۆڕنیش، لە ساڵی ٢٠٢٣ نزیکەی ٥٠٠ ھەزار گەشتیار ھاتنە زاخۆ، لە ٢٠٢٤یش گەیشتە یەک ملیۆن گەشتیار، ئەمساڵ چاوەڕێ دەکرێت لە یەک ملیۆن گەشتیار تێپەڕێت، بۆیە ڕێژەی گەشتیار بەردەوام لە زیادبوون دایە، ھۆکاری سەرەکیش کۆڕنیشە، چونکە پڕۆژەیەکی ستراتیژییە."
بڵند ئیبراھیم




