٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی یەک: خەبات لەسەر ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر بەردەوامە

سەرچاوە: KDP.info

دھۆک-KDP.info- ئەمڕۆ جەماوەری سنووری لقی یەکی پارتی و پارێزگاری دھۆک، سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد، بەرپرسی لقی یەکی پارتی لە دھۆک گوتی، "ھاتووین بۆ ئەوەی سۆز و پەیمان بۆ ڕێبازی پیرۆزی بارزانی نەمر بە ڕابەرایەتی مەرجەعی باڵای کورد سەرۆک بارزانی دووپات بکەینەوە تا دواین خەون و ئامانجی گەلەکەمان بەدەست دێت."

د.نەوزاد عەبدوڵڵا، بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، لە مەزاری نەمران وتەیەکی پێشکەش کرد و گوتی، "خوشک و برایانی ئازیز و جەماوەری خۆشەویستی وەفاداری بارزانی نەمر لە سنووری لقی یەک، ئەمڕۆ لە بارزانی قوتابخانەی کوردایەتی و لانەی پێگەیاندنی سەرۆک و شۆڕشگێڕ و ئازادیخوازان، بیری نەتەوایەتی و نیشتمانی و پێگەیاندنی مرۆڤی کورد لە ھەمبەر گیانی پاکی پیرۆز و سیمبولی شکۆمەندی و بڵندی گەلی ئێمە، باوکی ڕۆحیی نەتەوەیی کورد بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە زیندوو وەستاوین، بۆ ئەوەی جارێکی دیکە لە بەرامبەر ئارامگەی ئەوان سۆز و پەیمان بۆ سەرۆک و ڕێبەر و ڕێنیشاندەری گەلی خۆمان نوێبکەینەوە، بۆ ھەموو جیھان نیشانی بدەین کە بیر و فەلسەفەی ڕێبازی پیرۆزی بارزانی لە دڵ و دەروونمان زیندووە و کاروانی خەباتی ئەو بەردەوامە."

د.نەوزاد عەبدوڵڵا گوتیشی، "بارزانی نەمر سەرکردەیەکی ئاسایی نەبوو، بەڵکو دەنگی نەگۆڕ و ئەفسانەی خەباتێکی نەمر بوو لە مەیدانی سیاسەت خاوەن دید و بیر و فەلسەفە و ستراتیژیەتێکی شۆڕشگێڕی دووربین بوو، ھەڵگری دۆز و ئومێدی نەتەوەیەکی ستەملێکراو بوو، بارزانی نەمر نەک لاپەڕەیەکی مێژوو بوو، بەڵکو مێژوویەکی کراوەی بەردەوامە و بەرە لەدوای بەرە وانە و بەسەرھاتی پڕ سەروەری مێژوو بوو، بۆئەوەی بزانن چۆن وڵات دروست دەبێت، بە قوربانیدان نەک دروشمی باق و بریق، بارزانی نەمر لەسەر بیروباوەڕ و پرەنسیپی مرۆیی و مرۆڤدۆستی و بەھا مرۆییەکانی مرۆڤایەتی و خوداپەرستی و دادپەروەری و دلۆڤانی پەروەردە بووە و ماندیبوون و ڕادەستبوون و بێئومێدی لە بیر و فەرھەنگی ئەو نەبووە، ھەمیشە وەکو چیایەک لە بەرامبەر دڕندایەتی دوژمنان وەستاوە."

بەرپرسی لق گوتیشی، "ساڵانێکی زۆر بەسەر کۆچی دوایی ئەو زاتە پیرۆزە تێپەڕبووە، بەڵام ناوی لەسەر چیاکانی کوردستان لەناو دڵی ھەموو کوردێک ماوە، کۆچی دوایی بارزانی نەمر کۆتایی کاروانی خەبات نەبوو، بەڵکو ئەم ریبازە داستانی قارەمانێتییەکی بەردەوامە و گەلی کوردستان لە سایەی خەبات و حیکمەت و دڵسۆزی ئەو بووە خاوەن دۆز و گەیشتە کەناری ئارامی، وەکو نەتەوەیەک لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەمڕۆش لە کوردستانی ئازاد بە ڕابەرایەتی مەرجعی باڵای کوردستان سەرۆک بارزانی، ئەو ڕێبازە بەردەوامە و بووەتە سەرچاوەی ھێز و بەخشین و ئیلھام و ڕۆناکی کاروانی خەبات تا بەدەستھێنانی دواین خەون و ئامانجی گەلەکەمان، جارێکی دیکە سۆز و پەیمان نوێدەکەینەوە و پێشمەرگەی وەفاداری ڕێبازی بارزانی نەمر دەبین تا دوا ھەناسە خزمەتکاری گەل و وڵات و سەرۆکی خۆمان دەبین."

 

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار