نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسان: پێویستە کار بکەین تاوەکوو ڕۆژنامەنووسی پیشەیی ڕۆڵی خۆی ببینێت

ھەولێر -KDP.info- نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان گوتی "پێویستە لە یادی ڕۆژنامەگەری کوردیدا کار بکەین بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووسی پیشەیی ڕۆڵی خۆی ببینێت و
ڕۆژنامەنووسان بە ئازادی کاری خۆیان بکەن، نەک ببێتە بابەتی چەواشەکردن و گەوجاندنی خەڵک."
حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی و یادی دامەزراندنی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان لە ھەموو ھاوکارانم لە ڕۆژنامەنووسان پیرۆز دەکەم، بێ گومان من سەرنجێکم ھەیە ئەم یادە ڕۆژی ڕۆژنامەگەرییە نەک ڕۆژی یادکردنەوەی ڕۆژنامەی کوردستان، ڕاستە بە بۆنەی ڕۆژنامەی کوردستان ئەم ڕۆژە بووەتە یادی ڕۆژنامەگەری کوردستان، بەڵام بە بڕیاری پەرلەمانیش ئەم ڕۆژە بۆتە یادی ڕۆژنامەگەریی کوردی، پێویستە لەم ڕۆژە باس لە ئالنگارییەکان و ئەرک و لێپرسراوەتی و ڕیفۆرم بکەین، ئێمە سڵاو بۆ خانەوادەی شەھیدان دەنێرین و باشترین وەفا بۆ خوێنی شەھیدانی ڕۆژنامەنووس ئەوەیە کار بکەین بۆ گەرەنتیکردنی کاری ڕۆژنامەنووس."
حاکم ئازاد حەمەدەمین گوتیشی "پێویستە
کار بەوە بکرێت ڕۆژنامەنووسی پیشەیی ڕۆڵی خۆی ببینێت و ئیتیک سەرکەوێت و پڕۆژە ھەبێت، بۆیە خوازیاری ئەوەین پەرلەمانی کوردستان زوو دەست بەکاربێت، چونکە پڕۆژەی زۆر ھەیە پەیوەندییان بە ڕێکخستنەوەی میدیاوە ھەیە، لەوانە ئەنجوومەنی نیشتمانی میدیایە، پێویستە و دەبێتە ئەلتەرناتیفێک و ھۆکارێکی گرنگ بۆ ڕێکخستنی میدیا و دەربازکردنی لەو دڵەڕاوکێیەی لە ھەرێمی کوردستان ھەیە."
دەشڵێت "ئێمە داوا دەکەین ئەوانەی پێشێلکاری ڕۆژنامەنووسانیان کردۆتە دەستکەلا، کەرەستەی موزایەدەی سیاسی ڕاگرن و پێشێلکاری تۆمار دەکەین بۆ ئەوەی ڕۆژنامەنووس بە ئازادی کاری خۆی بکات، نەک ببێتە بابەتی چەواشەکردن و گەوجاندنی خەڵک، کە بەداخەوە پاڵەوانی زۆر لەو بوارە دروست بوون، بۆیە ھیوادارین بتوانین لەو یادە ئەو پلانەی دامانناوە سەرکەوێت."
بڵند ئیبراھیم




