٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ساڵح حەیدەر: پێویستە ھاووڵاتییان بۆ تۆمارکردنی ناویان سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن

سەرچاوە: KDP.info

شێخان -KDP.info- بەرپرسی لقی٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە  شێخان گوتی "ئەم ھەڵبژاردنە بۆ کورد زۆر گرنگە بۆ ئەوەێ لە بەغدا قورسایی ھەبێت، چونکە ئێمە کێشەی نەتەوەیی و نیشتمانیمان ھەیە، بۆیە گرنگە ھاووڵاتییان سەردانی بنکەکانی دەنگدان بکەن بۆ تۆمارکردن یاخود نوێکردنەوەی ناوەکانیان، پێویستە ئەم دەرفەتە لەدەست نەدەن ."

ساڵح حەیدەر، بەرپرسی لقی٢٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە  شێخان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بابەتی ھەڵبژاردن زۆر گرنگ و ستراتیژییە و کۆمسیۆن ئەو پرۆسەیە بەڕێوە دەبات، ئەوانیش دەرگایان کردۆتەوە بۆ تۆمارکردن و بۆ ئەوانەی لەدایکبووی ٢٠٠٧ن، لە شێخانیش حەوت بنکەمان بۆ زیادکراوە بۆ ماددەی ١٤٠ وەکو ھاوکاری و ئاسانکاری بۆ خەڵکی ئێمە، ئێمەش خەڵکی خۆمان ھۆشیارکردۆتەوە، ئەوانەی گەنجن بچن ناویان تۆمار بکەن بۆ ئەوەی بێبەش نەبن لە مافی دەنگدان، چونکە کۆمسیۆن ماوەی مانگێکی داناوە، ڕەنگە دواتر کۆمسیۆن ماوەکە درێژ نەکاتەوە و خەڵک نەتوانن خۆیان تۆمار بکەن، ئەوەی پێشتریش خۆی تۆمار نەکردبوو یاخود کارتی خۆی وەرنەگرۆتەوە کاری لەسەر دەکەین، ئەو بنکانەی تازەش کراونەتەوە پێنجیان سەر بە مووسڵ و دووشیان سەر بە دھۆکن، یاسا  ھەیە پێویستە لە ھەر یەکێک لەوانە ٤٥٠ کەس خۆی تۆمار بکات بۆ ئەوەی پەسەند بکرێت و ببێتە بنکەی دەنگدان."

ساڵح حەیدەر گوتیشی "بەخۆشحاڵییەوە خەڵک سەردانی بنکەکان دەکات و لە سنووری ئێمە گەشبینین و پێویستە زیاتر خەڵک ھانبدرێت، چونکە مادام ئێمە لە وڵاتێکی دیموکراسین و خەباتیش مەدەنییە، ھەموو ھەڵبژاردنێک گرنگی خۆی ھەیە،  ڕێژەی دەنگ پێوەرە بۆ شەرعیبوون و ناشەرعیبوونی ھەر حزبێک، بۆیە پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و پێویستە کاری جدی لەسەر بکرێت بۆ ئەوەی زەرەر نەکەین، چونکە ئێمە دەوڵەتمان نیە، وەکو وڵاتانی دیکە نین و کێشەی نەتەوەییمان ھەیە و قورسایی کورد لە بەغدا زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان، ئەم ھەڵبژاردنە زۆر گرنگە بەھۆی ئەو گۆڕانکارییانەی لە ناوچەکە ھەن، بۆیە سەنگی کورد لەڕووی نەتەوەیی و نیشتمانی بۆ ئێمە زۆر گرنگە."

بڵند ئیبراھیم

هەواڵی پەیوەندیدار