٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

په‌یامی سه‌ره‌خۆشیی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پەیامێکی دەربارەی کۆچی دوایی پاپای ڤاتیکان بڵاوکردەوە و دەڵێت: سیمبولێکی ئاشتی و دادپەروەری و نزیکبوونەوەی نێوان گەلان و ئایینەکان بوو.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ کۆچی دوایی پاپا فرانسیس:

بە خەمێکی زۆر و دڵتەنگییەکی قووڵەوە، ھەواڵی کۆچی دواییی قەداسەتی پاپای ڤاتیکان، پاپا فرەنسیسم بیست کە سیمبۆلێکی ئاشتی و دادپەروەری و نزیکبوونەوەی نێوان گەلان و ئایینەکان و نموونەیەکی خاکەڕایی و ڕۆحانییەت و بەزەیی بوو.

بەناوی گەلی کوردستان و خۆمەوە، لە ناخەوە سەرەخۆشی و ھاوخەمیی قووڵم پێشکەش بە جیھانی مەسیحی و تەواوی مرۆڤایەتی دەکەم و ھاوئازاری لەدەستدانی ئەم کەسایەتییە مێژووییە گەورەیەین کە ژیانی خۆی بۆ خزمەتی مرۆڤ و بەرگری لە شکۆی مرۆیی و بڵاوکردنەوەی پەیامی خۆشەویستی و پێکەوەژیان تەرخان کردبوو.

ئێمە لە ھەرێمی کوردستان، کە فرەیی و لێبوردەیی و پێکەوەژیان بنەمای کۆمەڵگەکەمان پێکدێنن، میراتی مرۆیی و ڕۆحیی پاپا فرەنسیس بەرز دەنرخێنین و نزا دەکەین و لە خوای مەزن داواکارین گیانی بە بەزەیی و میھرەبانیی خۆی شاد بکات و ئارامی دڵنەوایی بە ھەمووان ببەخشێت.

خوالێخۆشبوو پاپا فرەنسیس بە جەستە کۆچی دوایی کرد، بەڵام یاد و پەیامەکەی، ھەمیشە بە چرای ھیوا و ئاشتی بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆ ئێمەش یادی سەردانەکەیان بۆ ھەرێمی کوردستان لە ٢٠٢١، بۆ ھەمیشە زیندوو و جێی شانازیمان دەبێت.

 

نێچیرڤان بارزانی

سەرۆکی ھەرێمی کوردستان

٢٠٢٥/٤/٢١

هەواڵی پەیوەندیدار