سەربەست لەزگین: دەستکەوتەکانی ئێستا بەرھەمی خەباتی بارزانی نەمرن

بارزان-KDP.info- ئەمڕۆ جەماوەرێکی زۆر لە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، سەردانی مەزاری نەمرانیان کرد، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک لە گوتەیەکدا گوتی، دەستکەوتەکانی ئێستای کوردستان بەرھەمی خەباتی بارزانی نەمرن، خەباتی ئەو بووەتە بناغەیەک بۆ گەلی کورد تا بتوانێت بەپێی یاسا و دەستوور مافەکانی لە عێراق بەدەست بێنێت.
سەربەست لەزگین، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک، لە مەزاری نەمران گوتەیەکی پێشکەشکرد و گوتی، "ئەمڕۆ جەماوەری شەڕەفمەندی لقی ٨ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ بە ھەموو ناوچە، ڕێکخراو، ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، کادیر و کارمەندانی حکوومی، جەماوەری، قوتابیان، لاوان، ئافرەتان، کادیر و پێشمەرگەی قارەمانی ئەیلوول و گوڵان، دەزگای ئەیلوول، ھێزی خەبات و کادیری پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ و ھەموو جەماوەری زاخۆ و قەزای باتیفاوە بەخێرھاتنێکی گەرمتان دەکەین، ئەمڕۆ ئێمە ھەموومان پێکەوە ئامادەین لەسەر مەزاری بارزانی نەمر و کاک ئیدریسی ھەمیشە لەیاد، بۆ نوێکردنەوەی سۆز و پەیمان، ھەر وەکو باب و باپیرانمان ڕێبواری ڕێبازی بارزانی نەمر بوونە، ئەمڕۆش ھەزاران کچ و کوڕ و ھەموو چین و توێژەکان و پێکھاتە و ئاینەکان لە زاخۆ و باتیفا ھاتوون بۆ سەر مەزاری نەمران بۆ ئەوەی دووپاتی بکەنەوە بەردەوام دەبن لەسەر ئەو ڕێبازە و داکۆکی دەکەن لەسەر بیروباوەڕی مێژوویی کە مێژووی خەباتی گەلی کوردستانی پێوەگرێدراوە، بۆیە ئامادەبوونمان لێرە کەمێک وەفایە بۆ خەباتی دوورودرێژی سەرکردەی مەزن، باوکی ڕۆحیی نەتەوەیی کوردستان بارزانی نەمر کە ژیانی خۆی پێشکەشی گەل و وڵاتی خۆی کردووە لە پێناو ئازادی و ڕزگاربوونی کوردستان."
بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتی لە دھۆک گوتیشی، "ئێرە بارزانە ئەوەی پێش ١٣٠ ساڵ گەنجێکی تازە پێگەیشتوو لێرە خەباتی کرد و ھەوڵی دا بۆ ئەوەی ڕیزەکانی میللەتی ئێمە ڕێکبخات و بیر و بۆچوونی نەتەوایەتی و ھۆشیاریی نەتەوەیی بڵاو بکاتەوە لە ناو ھەموو چین و تووێژەکانی کوردستان، لە کاتێکدا داگیرکاری دوژمن دەستیان بەسەر زۆرینەی وڵاتی ئێمەدا گرتبوو، ئەو گەنجە چەند ساڵێکی کەمی تێپەڕاند بەرھەمێکی گەورە و خەباتێکی گەورەی کرد، ئەویش شێخ عەبدولسەلام بارزانی بوو، لە ساڵی ١٩١٤ لە مووسڵ لەلایەن داگیرکەران لەسێدارە درا، بەڵام ڕێبازی پیرۆزی بارزان بەردەوام بوو کە بریتی بوو لە خواناسی و نیشتمانپەروەری و پێکەوەژیان و نەتەوەپەروەری و لە بەھا بەرزە مرۆیەکان."
ھاوکات دەشڵێت، "دوای ئەو، شێخ ئەحمەدی بارزان کەسێکی پیرۆز و نوورانی بوو، دادپەروەری ئەو لەناو گەلی کوردستان بڵاوبووەوە، ئەویش ١٢ ساڵ لە زیندانی باشووری عێراق بوو و ئامادەنەبوو داوای لێبوردن لە ھیچ کەسێک بکات، چونکە مەلیک و کاربەدەستانی ئەوکات پێیان گوت تەنیا شتێک بنووسە و داوای لێبوردن بکە لە زیندان ئازادت دەکەین، ئەویش باسی لەوەکرد تەنیا داوای لێبوردن لە خوای گەورە دەکات، ئاڵای پیرۆزی کوردستان ڕۆژ بەڕۆژ گەشەی کرد تا بارزانی نەمر بووە ھەڵگری ئەو ئاڵایە.
سەربەست لەزگین باس لەوەش دەکات، لە سەردەمی ئەو کورد لە جیھان ناسرا و یەکڕیزی کوردستان زۆر مومکین بوو و سەرپەرشتی ھەردوو شۆڕشی ئەیلوول و گوڵانی کرد و دەستکەوتی گەورەی بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھێنا، کە گەورەترینیان ڕێککەوتننامەی ساڵی ١٩٧٠ی ١١ی ئادار بوو، بۆ جاری یەکەم داگیرکەر و دوژمنی کورد دانیان بە مافی گەلی کورد دانا و بووە بناغەیەک بۆ ئێمە، لە سایەی ئەو خەبات و خوێنی شەھیدان ئێستا خاوەن ھەرێمێکی فیدراڵین لە عێراق کە ھەرێمێکی دەستووری و یاساییە و زۆرینەی مافەکانی ھەرێم چەسپاوە بەپێی دەستوور و یاسا، ئەویش بۆ ڕێککەوتنی بارزانی نەمر لەگەڵ عێراق دەگەڕێتەوە کە لە١١ی ئادار کردی، ئەوەی ئێستا ھەیە لەسەر ئەو بنەمایە ئاوەدانکراوەتەوە، سەرۆک بارزانیش بۆتە ھەڵگری ئەو ئاڵایەی کوردستان و ڕێبازی پیرۆزی بارزانی، بۆیە ئەوەی باسی مێژووی نەتەوەیی بکات باسی ڕێبازی بارزانی دەکات.
بڵند ئیبراھیم




