٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

وەزیری تەندروستی بۆ KDP: ھیچ حاڵەتێکی گومانلێکراومان نییە

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر -KDP.info- وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و حکوومەتی عێراق، ھەموو ڕێکارێکی پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی رێگری لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی (تای خوێنبەربوون) بکرێت، بۆیە تا ئێستا نەک حاڵەت، بگرە گومانلێکراویشمان نییە.

دکتۆر سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراق  ھەیە، بەڵام تا ئێستا نەک حاڵەت، بگرە گومانلێکراویش لە ھەرێمی کوردستان نییە، خۆشمان تەواو ئامادە کردووە بۆ ئەوەی ئەو نەخۆشییە لە ھەرێمی کوردستان بڵاو نەبێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش ھەماھەنگیمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و بەغداش هەیە."

بەرزنجی دەڵێ "بەداخەوە لە عێراق حاڵەت تۆمار کراون و لە ھەرێمی کوردستان خۆشبەختانە ھیچ حاڵەتێکی گومانلێکراویشمان نییە، چاودێریی بارودۆخەکەش دەکەین، ئەگەر لە ھەرێمی کوردستان لە ساڵانی ڕابردوو چەند حاڵەتێکیش تۆمار کرابن، سەرکەوتوو بووین لە چارەسەرکردنی حاڵەتەکان و ڕێژەی چارەسەرکردن زۆر باش بووە."

ئاماژەیشی دا "ڕێنمایی ھاووڵاتییان دەکەین ئەوانەی لە کێڵگەی ئاژەڵ نزیکن و بەخێویان دەکەن، لە کاتی بوونی گومان لە نەخۆشییەکە، دامودەزگا ڤێتەرنەرییەکان ئاگادار بکەنەوە،  پرۆسەی ڕشاندنیش زۆر گرنگە و فەرامۆشی نەکەن، پێویستە ساڵانە لە مانگی چوار و پێنج ئەنجام بدرێت بۆ خۆپارێزی، بۆ ھەر حاڵەتێکیش تەواوی چارەسەری و پشکنینەکان بەردەستن و بۆ هەر حاڵەت و گومانێکیش تیمەکانمان لە ئامادەباشیدان."

بڵند ئیبراھیم
 

هەواڵی پەیوەندیدار