له‌گه‌ڵ كارابوونی په‌رله‌مان كار له‌سه‌ر توندتركردنی سزای بازرگانانی مادده‌ی هۆشبه‌ر ده‌كرێت

هه‌ولێر -KDP.info- ئه‌ندامێكی بۆردی به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، یاسای به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی مادده‌ی هۆشبه‌ر هه‌موار ده‌كرێته‌وه، ده‌شڵێ "سزای بازرگانانی مادده‌ی هۆشبه‌ر توندتر ده‌كرێت."
د.سه‌لاح ئه‌نوه‌ر، ئه‌ندامی بۆردی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان، لە لێدوانێکی تایبەت به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند "زیاتر له هه‌زار كه‌س به‌هۆی به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه حوكم دراون، ڕۆژ به‌ڕۆژیش به‌كارهێنان و بازرگانیكردن به مادده‌ی هۆشبه‌ر زیاد دەبێت، به‌داخه‌وه خه‌ڵكێكی زۆر بازرگانی به مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه ده‌کەن، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیش ڕێكاری پێویستی بۆ ڕێگری له بڵاوبوونەوەی مادده‌ی هۆشبه‌ر گرتووەتە بەر."
ئه‌ندامەکەی بۆردی به‌رەنگاربوونه‌وەی مادده‌ی هۆشبه‌ر گوتیشی "پێویسته ڕێكاره‌كان به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سانه‌ی بازرگانی به مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه ده‌كه‌ن توندتر بكرێن، ئێمه ڕه‌شنووسێكمان ئاماده كردووه بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای به‌رەنگاربوونه‌وه‌ی مادده هۆشبه‌ره‌كان و له‌گه‌ڵ كارابوونی په‌رله‌مان كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ین."
سلاح ئه‌نوه‌ر ڕوونیشی كرده‌وه "به‌پێی هه‌مواری یاساكه، ڕێكاری توند ده‌گیرێته به‌ر دژی ئه‌و كه‌سانه‌ی بازرگانی به مادده‌ی هۆشبه‌ره‌وه ده‌كه‌ن، سزاكان توندتر ده‌كرێن، بۆ ئه‌وه‌ی پێشی لێ بگرین."
قائید میرۆ




