یانەی دھۆک پڕۆژەیەکی پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد

دھۆک-KDP.info- بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشیی دھۆک ڕایدەگەیەنێت، دوای ئەوەی لە ماوەی ڕابردوودا سەرۆک بارزانی ھاوکاریی یانەی دھۆکی کرد، بەڵێنمان دا جامی کەنداو بەدەست بهێنین و پێشکەشی سەرۆک بارزانی بکەین. دەشڵێ، لەو کارەدا سەرکەوتوو بووین و سەرۆک بارزانیش زۆر دڵخۆش بوو بەو سەرکەوتنە و پێی راگەیاندین، ئەوەی لە رێگەی سیاسەتەوە نەکراوە، توانیتان لە ڕێگەی وەرزشەوە پەیامی ھەرێمی کوردستان بە وڵاتان بگەیەنن.
شڤان محەمەد، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی وەرزشیی دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی یانەی وەرزشیی دھۆک توانی جامی کەنداو بەدەست بهێنێت، سەردانی جەنابی سەرۆک بارزانییان کرد و جەنابیان زۆر دڵخۆش بوون بەو سەرکەوتنەی یانەی دھۆک و باسی لەوە کرد، ئەوەی لە ڕێگەی سیاسەتەوە نەتواندراوە بکرێت، یانەی دھۆک لە ماوەیەکی کەمدا توانی بیکات و پەیامی ھەرێمی کوردستان بگەیەنێتە زۆرینەی وڵاتان، بە تایبەت کەنداو، بۆیە ئەو سەرکەوتنە زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان.
شڤان ئاماژەش دەدات، یەکێتیی تۆپی پێی کەنداو بارەگای سەرەکی لە قەتەرە و زۆر تێکەڵییان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان نەبووە، بۆیە کە ھاتنە دھۆک کاردانەوەی زۆری ھەبوو، ئێمە سوپاسی ھەموو یانەی دھۆک و دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکەین، ئەوانەی ڕووی جوانی ھەرێمیان نیشانی وڵاتانی کەنداو دا و وەک سەرۆک بارزانیش فەرمووی، ئەو پەیامەی لە وەرزشدا ھەیە، ھیچی لە پەیامەکانی دیکە کەمتر نییە.
دەشڵێ، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بە ھاوکاریکردنی یانەی وەرزشیی دھۆک کرد، کە پێش دوو ساڵ پێشکەشی کردووە و ڕایگەیاند، بەڵێنم دا ھاوکاریی یانەی دھۆک بکەم، کە ئەمڕۆ بەرھەمەکەی دەبینم و خاڵێکی دیکەی گرنگیش ئەوە بوو، لە ھەردوو یاریی دھۆک و لە کوێتیش من خۆم چاودێریم کردووە و چەند کەسیشم راسپارد دھۆک پێویستی بە چی ھەیە بۆ ئەوەی سەرکەوتن بەدەست بێنن، بۆیان جێبەجێ بکرێت، بۆیە لەو سەردانەدا سەرۆک بارزانی دیاری پێشکەشی یاریزانان کرد، دووپاتیشی کردەوە کە یانەی دھۆک توانی پەیامی کوردستان بگەیەنێت بە وڵاتان، بۆیە سەرۆکی یانەی دھۆک و راھێنەر و یاریزانەکانیش زۆر سوپاسی سەرۆک بارزانییان کرد، کە ھەمیشە ھاوکار و پاڵپشت بووە.
ناوبراو باسی لەوەش کرد، یانەی دھۆک پڕۆژەیەکی پێشکەشی سەرۆک بارزانی کرد بۆ ئەوەی لە ڕێگەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە میوانداریی یەکێک لە قارەمانیەکانی کەنداو بکرێت لە ھەرێمی کوردستان، چونکە دھۆک و سلێمانی و ھەولێر و هەڵەبجە زۆر گونجاون بۆ میوانداریی قارەمانیەتییەکان.
ئاماژەش دەدات، دوای بەدەستھێنانی ئەو نازناوە، ئەرکی ئێمە قورستر دەبێت، چونکە دوو نازناومان ماوە و ھەوڵ دەدەین بەدەستی بهێنین، ئەوانیش خولی ئەستێرەکانی عێراق، کە دھۆک لە ڕیزەکانی پێشەوەیە و قارەمانیەتی کۆپا - عێراق، ئەویش لە ڕیزەکانی پێشەوەین، بۆیە دەمانەوێت نازناوێکی دیکە بۆ سەر نازناوی کەنداو زیاد بکەین.
بڵند ئیبراھیم




