٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

عەبدولڕەحمان مستەفا بۆ KDP: لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو بەرھەمی یەکڕیزی کوردمان بینی

سەرچاوە: KDP.info

کەرکووک-KDP.info- عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووتری کەرکووک بە پێویستی دەزانێت کورد بۆ قۆناغی ئێستا زیاتر یەکگرتووبێت، دەشڵێ "بینیمان یەکڕیزی لایەنە کوردییەکان چ دەستکەوتێکی ھەبوو لە پەرلەمانی عێراق."

عەبدولڕەحمان مستەفا، پارێزگاری پێشووتری پارێزگای کەرکووک، لە لێدوانێکیدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "یەکڕیزی کورد بۆ قۆناغی ئێستا گرینگە، بەتایبەتی ئێمە لە عێراق بەرەو ھەڵبژاردنێکی نوێ دەچین، بۆیە یەکڕیزی و یەکگرتوویی لایەنە کوردستانییەکان ھەنگاوێکی زۆر گرینگە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کەرکووک، چونکە ھەر چەند ڕۆژی ڕابردوو بەرھەمی یەکڕیزی کوردمان لە پەرلەمانی عێراق بۆ پەسەندکردنی یاسای بەپارێزگابوونی ھەڵەبجە بینی، ھەموولایەنەکان پێکەوە بڕیاریان دا بایکۆتی کۆبوونەوەکانی پەرلەمان بکەن تا یاسای بە پارێزگابوونی ھەڵەبجە پەسەند دەکرێت."

پارێزگاری پێشووتری کەرکووک گوتیشی، "ئەگەر کورد لە ھەرێمی کوردستانیش یەکدەنگ و یەکگرتوو نەبێت، پێویستە لەناوچە کوردستانییەکان یەکڕیزی خۆیان بپارێزن، ئەگەر بێت و لیستێکی ھاوبەشیش ھەبێت بۆ ھەڵبژاردنی ئەمساڵی پەرلەمانی عێراق ئەوە دڵنیام سەرکەوتوو دەبن و دەنگی کوردیش زیاد دەکات."

عەبدولڕەحمان مستەفا ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، "ھەموو کاتێک یەکڕیزی پێویستە، چونکە ھەر کاتێک کورد یەکگرتووبووبێت سەرکەوتووە و بەرھەمی ھەبووە، یەکگرتوویی و یەکڕیزی کاریگەری لەسەر بەھێزکردنی پێگەی ھەرێمی کوردستانیش ھەیە، ھەم لە ناوخۆی عێراق، ھەم بەرامبەر دونیای دەرەوە و لەسەر ئاستی ھەرێمی و نێودەوڵەتی."

 

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار