نێچیرڤان بارزانی لهگهڵ جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندی یاوەری کۆبووهوه

ھەولێر-KDP.info- پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ھەینی ٢٠٢٥/٤/١٨، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، پێشوازیی لە دکتۆر نووح یڵماز، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا، برەودان بە پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان و پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان تاوتوێ کران، ھەروەھا دەربارەی ھاوکاریی نێوانیان لە بوارە جیاکاندا، بە جۆرێک کە ببێتە ھۆی بەھێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری و گەشەسەندن لە ناوچەکە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو، تیایدا نێچیرڤان بارزانی پشتیوانیی ھەرێمی کوردستانی بۆ سەرخستنی پرۆسەکە دووپات کردەوە. ھەر لەمبارەیەوە ھەردوولا ھاوڕا بوون کە ئاشتی کاریگەریی ئەرێنیی لەسەر تەواوی ناوچەکە دەبێت و ئاسۆی بەرفراوانتر بۆ گەشەپێدان و ھاوکاریی ھاوبەش دەکاتەوە.
ھەروەھا لە کۆبوونەوەکەدا دۆخی سووریا، دوایین پێشھاتەکانی ناوچەکە و چەندین پرسی دیکەی جێی بایەخی ھاوبەش، خرانە بەر باس.





