د. به‌شیر بۆ KDP: هۆكاری سه‌ردانه‌كه‌ی سوودانی بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌خاته‌ڕوو

هه‌ولێر-KDP.info- جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێ، به‌بێ هه‌رێمی كوردستان عێراق سه‌قامگیری به‌خۆیه‌وه نابینێ و سه‌ردانی محەمەد شیاع سوودانی و ئه‌وانی دیكه‌ش بۆ هه‌رێم، هۆکارەکەی ئەوەیە کە داوای یارمه‌تی له سه‌رۆك بارزانی و كورد ده‌كه‌ن.
د. به‌شیر خەلیل حه‌داد، جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق، لە لێدوانێکی تایبەتدا به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند، له كاتی هه‌موو هه‌ڵبژاردنەکان و پێكهێنانی حكوومه‌ته‌كانی عێراقدا، سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق و لایه‌نه عێراقییه‌كان سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و سه‌رۆك بارزانی ده‌كه‌ن، ئه‌وه‌ش نیشانه‌یه‌كی دیار و نه‌شاراوه‌یه له‌سه‌ر ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان به گشتی و به تایبه‌ت ڕۆڵی سه‌رۆك بارزانی، به‌ڵام زۆر به‌داخه‌وه كاتێك لایه‌نه عێراقییه‌كان كاریان ده‌بێت داوای یارمه‌تی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و دواتر پشت له هه‌رێم ده‌كه‌ن و مافه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان پێشێل ده‌كه‌ن، لە کاتێکدا پێگه و ڕۆڵی هه‌رێمی كوردستان بۆ عێراق و ناوچه‌كه زۆر گرینگه.
جێگری پێشووی سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق گوتیشی، عێراقییه‌كان به‌ر له ئێمه‌ی كورد ئه‌و ڕاستییه ده‌زانن سیستمی سیاسی له عێراق جێگیر و سه‌قامگیر نابێت به‌بێ هه‌رێمی كوردستان، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش پێویسته په‌یوه‌ندییه‌كان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان بیپارێزن نه‌ك له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی ئێمه، به‌ڵكوو له‌به‌ر به‌رژه‌وه‌ندیی خۆیان و سه‌قامگیریی عێراق.
د. به‌شیر ده‌شڵێت، كاتێك ئێمه ده‌ڵێین په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و عێراق چه‌نده له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌رێمی كوردستانە، ئه‌وه‌نده‌ش عێراق پێویستی به هه‌رێمی كوردستان هه‌یه، به تایبه‌تی پێویستیان بە سه‌رۆك بارزانییه، ناوچه‌كه له به‌رده‌م ئاڵنگارییه و مه‌ترسی هه‌یه پڕیشكی ئاگری ده‌وروبه‌ر به‌ر عێراقیش بكه‌وێت، رووداوه گه‌وره و گه‌رمه‌كانی ناوچه‌كه به تایبه‌تی کە له سووریا و لوبنان ڕوویان دا، ئێستا سیاسه‌تمه‌دارانی عێراق ده‌زانن ئاگره‌كه له عێراق نزیكه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ش داوای هاوكاری و یارمه‌تی له هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن و ئه‌وانه‌شی وه‌ك شاندی سیاسی و لایه‌نه‌كان دێنه هه‌رێمی كوردستان، بۆ وه‌رگرتنی یارمه‌تییه له هه‌رێم.
قائید میرۆ




